سودانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێویستە بە قاچاخبردنی نەوت رابگیرێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیەکى تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، نوسینگەی سودانی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی بڵاوکردەوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە محەمەد شیاع سودانی، ڕایگەیاندوە سەرمان سوڕماوە لە هێرشە درۆنییەکان کە هاوکاتبوو لەگەڵ رێککەوتنی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان.
هەروەها ئەوەى وتووە: گرنگە هەناردەی نەوت لەڕێی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە و پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوت و داهات چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغداد دەکات..
دەقى ڕاگەیەندراوەکە..
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی: محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت:
سودانی پاڵپشتی عێراق بۆ هەوڵەکانی سەقامگیری ناوچەکەو رێککەوتنەکانی ئاگربەست و راگرتنی دوژمنكارییەكان دووپات كردووەتەوە.
دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چاودێری سەرچاوەی هێرشەکانی ئەم دواییە دەكەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییە گرنگەکان لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک.
سودانی سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕیووە کە ئەم هێرشانە هاوکات بووە لەگەڵ رێککەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە هەرێم کار دەکەن، بۆ وەبەرهێنان كردن لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە کەرکوک و سەڵاحەدین.
خستنەڕووی یاسای حەشدی شەعبی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی ئەمنی كە حکومەت پیادەی دەكات.
هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا کاردەکات.
سودانی جەختی لە پابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە بە رادەستکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتە نانەوتیەکان بۆ خەزێنەی گشتی، لە رێگەی بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
سودانی جەختی لە دیدگای ئابوری عێراق و گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت كردووەتەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق و تورکیاو راگرتنی هەموو جۆرەکانی قاچاغ و کارێکی نایاسایی کە کاریگەری لەسەر سامانی نەوت هەیە.
