هەسەدە: ڕادەستکردنی چەک هێڵی سورە

دوێنێ



فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت: رادەستکردنی چەک هێڵی سورەو سازش لەسەر پرنسیپەكانمان ناکەین. 

جەختیشی کردەوە: هەسەدە وەک لایەنێكی هاوتا دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەکات، نەک وەک لایەنێکی ملکەچ و بچوكتر، حکومەتی سوریاش هیچ ئیرادەیەکی نییە بۆ چارەسەرکردن.

شامی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەشوەدا: تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، هاوکاری بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوەیدا. 

ئاشکراشیکرد، ئۆپراسیۆنەکانی دژ به داعش له باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پەرەی پێدەدرێت و رەنگە بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە بگرێتەوە.

لەچەند ڕۆژى ڕابردوشدا ئەبجەر داود وتەبێژى هەسەدە بە میدیا کوردییەکانی ڕاگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی سووریا و پەرەسەندنی توندوتیژییەکان و هەڕەشەکانی داعش، مەحاڵە هێزەکانمان چەکەکانیان ڕادەست بکەن".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەسەدە دەتوانێ لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دەستورییەوە پەیوەندی بە سوپای سوریاوە بکات کە دان بە تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردیدا بنێت".

داود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هەسەدە لەگەڵ شەڕدا نییە، بەڵکو لە هەر شوێنێک ئامادە بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات".

لەلایەکى دیکەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا لەم مانگەدا ڕایگەیاند، واشنتۆن داواکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ خۆبەڕێوەبەری ڕەتدەکاتەوە و پشتیوانی لە سوریایەکی یەکگرتوو دەکات کە یەک سوپا و یەک دەوڵەت و یەک گەل بێت.

دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی گشتی و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا، لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی سویدا، هێزەکانی پاراستنی گەل، زیاتر لە یەکە سەربازییەکانی خۆیان بۆ ناوچەی بەرکەوتن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لادێکانی پارێزگای حەلەب و لادێکانی باکور و ڕۆژئاوای پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

 لە 10ی ئازارى ئەمساڵدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارە کوردەکان دەخرێنە ناو هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ڕاگوزەرەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار