بارزانی و كونسولی ئەمەریکا: دەستبە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێ

13 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان و کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێم ڕایدەگەیەنن هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەمڕۆ شەممە 7/26، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر كونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بەتایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.
کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
