هەر کاندیدێک پەیوەندی بە حزبی بەعسەوە هەبووبێت، نابێتە پەرلەمانتار

20 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لەوانەی پەیوەندیان بە حزبی بەعسی عێراقەوە هەبووە جێبەجێ بکرێت.
یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی دادگای تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە کۆبووەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە."
ئاماژە بەوەش کراوە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بۆ ئەوەی ڕێگری لە وانەی پەیوەندییان بە حزبی بەعسی پێشووەوە هەیە بکەن بچنە پەرلەمانی داهاتوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە، دەبێت ڕێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەو مەبەستانەی کە لە یاساکەدا دیارینەکراون بکرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 12ـی کانوونی دووەمی 2008 یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسەند کرد، وەک بەدیلێک بۆ یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس کە لە ساڵی 2003 دەرچووبوو.
