ئیلهام ئەحمەد: چەکدانان بۆ ئێمە لە ڕۆژەڤدا نییە

9 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەختى کردەوە چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، دۆخی سوریا دۆخێکە کۆمەڵکوژی روودەدات.

لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، لەسەر چ شێوازێک رێکدەکەوین، ئەوە بە بنەما دەگیرێت. هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن' یان 'ئەم شەڕڤانانەی لاتانن هەموویان بێنن تەسلیمیان بکەن و خواحافیز، تەواو بوو.' بابەتەکە ئاوا نییە."

ئەو وتیشى: چەکدانان بۆ ئێمە لە رۆژەڤ دا نییە، بە هیچ شێوەیەک لە رۆژەڤ دا نییە. دۆخی سووریا دۆخێکە ئەوەندە دڕندایەتیی تێدا هەیە کە لەبەرچاوی هەمووان، لەبەرچاوی دنیادا، مرۆڤ دەکوژرێت، کۆمەڵکوژی روودەدات.  لەم دۆخەدا داواکردنی چەکدانان لە هێزی سووریای دیموکرات وەک ئەوەیە بەخۆت بڵێیت "بڕۆ بۆ مردن".

ناوبراو باسى لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئێمە بە هێزی هاوپەیمانان و هێزی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆمان لێرە پارێزگارییمان لە خۆمان کردووە، بە پشتگیری و پاڵپشتیی هێزە کوردییەکان. بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، کۆمەڵگەکەمان هەیە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان هەن، پەیوەندییە کوردییەکانمان هەن. 

سەبارەت بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "رۆڵی ئەو بەڕاستی جێگەی سوپاسە. رۆڵەکەی ئەرێنییە بەتایبەت بەو کێشانەی کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت".
 

لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئامانجیان گەیشتنە بە "هاوبەشییەکی راستەقینە" نەک تەنها تەسلیمکردنی دامەزراوەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەو گوتی: "بابەتەکە هەروا نییە کە بێن و بڵێن 'وەرن چەکەکانتان تەسلیم بکەن'." روونیکردەوە کە دەبێت حکومەتی نوێی سووریا دان بە ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە و ئەو سیستمە ئیداری و ئەمنییەدا بنێت کە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا دامەزراوە.
 
ئیلهام ئەحمەد دەشلێت "دانوستاندنێک هەیە لەگەڵ تورکیادا. لەم دانوستاندنەدا، ئێمە وایدەبینین کە شتێکی باشە، ئەرێنییە... دەمانەوێت بزانین چۆن ئەو بەربەستانەی کە هەن لایانبەرین." ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا، کە پێشتر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار