لەدوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکانى هەڵبژاردن تەواو دەکرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەڵێت: لیژنە تەکنیکییەکانیان لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان تەواو دەکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێكۆڵینەوەی ئەمنی و یاسایی، لە هەنگاوێكدا پێش پەسەندکردنی کۆتایی لیستی کاندیدەکان.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی رایگەیاند: ژمارەی کاندیدەکان (٧٩٠٠) کەسی تێپەڕاندووە، کە ٤٦ کەسیان بەهۆی تەواونەكردنی ئەو مەرجە یاساییانەی کە لە ڕێسای کاندیدکردن ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥دا هاتووە، بێبەشکراون، جگە لەوەش ١١ کاندید کە بڕوانامەی خوێندنی ئامادەییان هەبووە بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها سێ پیاو بە ژنان گۆڕدراون بۆ زامنكردنی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیکردنی رێژەی ژنان کە 25%یە.
ئاماژەی بەوەشکرد: كۆمسیۆن پەیوەندی بە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە دەکات بۆ دروستی بڕوانامەكان، هەروەها دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەری، کۆمیسیۆنی دەستپاکی و لێپرسینەوە و کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەو دادپەروەری بۆ دڵنیابون لە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی پێش پەسەندکردنی کۆتایی.
لە بواری تەكنیكیشدا بڕیارە لە (٥)ی ئاب تیروپشکی ریزبەندی کاندیدەکان ئەنجام بدرێت، لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆن بەردەوامە لە راهێنانی ستافەکەی لەسەر بەکارهێنانی ئامێری ژماردن و هەڵاوێردنی ئەلیکترۆنی و پشتڕاستکردنەوەی بایۆمەتری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەیەکی میدیایی هاوبەش کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

