سودانى: هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان تیرۆریستین و بەدواى بکەرانیدا دەگەڕێین

15 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوەی تیرۆریستین.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس"، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران وتى: حکومەتی فیدراڵی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم و هێزەکانی هاوپەیمانان کاردەکات، بۆ دەستنیشانکردن و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەكان.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوە نەوتییەکانى لە هەرێمى کوردستان کردە ئامانج، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرووپەکانی حەشدى شەعبیان بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد. دەسەڵاتدارانی بەغداش ناکۆکییان لەسەر ئەمە بوو، بەڵام تاوانباریان دەستنیشان نەکردوە.
یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکان بۆ ئەلسودانی، چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هێزەکانی حەشدى شەعبى، کە هاوپەیمانییەکی زۆرینەی شیعە و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنراون. ئەم هاوپەیمانییە لە ساڵی ٢٠١٦ بە فەرمی خرایە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە، هەرچەندە لە پراکتیکدا هێشتا بە ئۆتۆنۆمییەکی بەرچاوەوە کاردەکات.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی ئەو یاسایانە دەکات کە پەیوەندی نێوان سوپای عێراق و ئەو گروپانە ڕێکدەخات، ئەمەش ناڕەزایەتییەکانی واشنتۆنی بەدوای خۆیدا هێناوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم یاسایە "کاریگەری ئێران و گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان کە سەروەری عێراق تێکدەدەن بەدامەزراوەیی دەکات".
سودانی بەرگری لە یاسا پێشنیار کراوەکە کرد و وتی کە ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. وتیشی:”دەزگا ئەمنییەکان دەبێت بەپێی یاساکان کاربکەن و ملکەچی ئەو یاسایانە بن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت”.

