هەرێم: راپۆرتی هەژاریی پلاندانانی عێراق بەبێ ئاگاداریی ئێمە كراوە

دوێنێ



وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رەتدەکاتەوە و دەڵێت، راپۆرتی هەژاریی فرەڕەهەند - MPI) بەبێ ئاگاداری و بەشداریی ئەوان ئامادە و بڵاوکراوەتەوە، لەکاتێکدا دەبوو هەر لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کاری لەسەر بکرایە.
 
رۆژی چوارشەممە، 30-07-2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە بەغدا، راپۆرتی (هەژاریی فرەڕەهەند)ی راگەیاند کە بە هاوکاریی رێکخراوی UNDP ئامادە کراوە.
 
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم راپۆرتە بێ ئاگاداریی ئەوان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە، دەبووایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم راپۆرتە و وردەکارییەکانی بکرایە، تاوەکو راوبۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێیدا جێگیر بکرێت.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "پێویستبوو دوا رەشنووس بە دەستمان بگات تاوەکو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسند بکەین و ئامادە بین لە رێوڕەسمی راگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەکانی وەربگرین."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، رێژەکانی ئاماژەپێکراو لە راپۆرتەکەدا پشتی بەستووە بە داتاکانی دوا رووپێوی (ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان) بۆ ساڵانی (2023-2024) و لە رۆژی 26-2-2025 ئەنجامەکانی راگەیێندراوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لە بەشێکی قسەکانی دا باسی رێژەی هەژاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، هەولێر کەمترین رێژەی هەژاری تێدایە لەسەر ئاستی عێراق.
 
هینداوی گوتی، "هەولێر کەمترین رێژەى هەژاریی فرە رەهەندى تۆمارکردووە بە 6.8%، ئەم رێژەیە لە دهۆک و سلێمانى کەمێک بەرزدەبێتەوە، بەوپێیەى دهۆک پێشتر لە ساڵى 2014  چەند شەپۆلێکى ئاوارەبوونى زۆرى لەخۆگرت، ئەمەش کاریگەرى لەسەر ئاستى خزمەتگوزاری و بژێوى لە پارێزگاکە هەبووە".

راگەیەنراوێک لە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمەوە 

ئەم بەیانیە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە شاری بەغداد ئەنجامدا، تیایدا ڕاپۆرت (هەژاری فرە ڕەهەند MPI) ڕاگەیاند کە بەهاوکاری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP)  ئامادە کرابوو، لێرەوە ڕایدەگەیەنین: ئەم ڕاپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم ڕێکخراوە کە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو وردە کارییەکانی بکرایە تاکو ڕاوبۆچوونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا، هەروەها پێویست بوو کە دوا ڕەشنوس بە دەستمان بگات تاکو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسەند بکەین و ئامادە بین لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی و دواتر سود لە ئەنجامەکانی وەر بگرین. 

جێگەی ئاماژەپێکردنە رێژەکانی ئاماژەپێکراو لە راپۆرتەکەدا پشتیبەستووە بە داتاکانی دوا ڕووپێوی (ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان) (٢٠٢٣-٢٠٢٤)و لە ( ۲٦ـ۲ـ۲۰۲٥ ) ئەنجامەکانی راگەیندراو بەمەنهەجیەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی کاری لەسەر کراوە کە لە ساڵانی پێشتر پێکەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عیراق راهێنان کرابوو بۆ بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی تاکو نەک تەنها هەژاری ماددی  بنەمای پلان و ستراتیجەکان بێت (بەپێی ئەنجامەکانی رووپێوی ئاماژەپێکراو لە عیراق ١٩.٣% و لە هەرێم ٨.٦%) بەڵکو ڕێبەری هەژاری فرەڕەهەند دروست بکرێ بۆ پەنجە دانان لەسەر جۆرەکانی تری هەژاری لە کۆمەڵگا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار