هاتنی شاندە ئەمنییەکەی بەغداد بۆ هەرێمی کوردستان دواخرا

دوێنێ



بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندێکی ئەمنیی حکومەتی عێراق، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بێتە هەولێر، بەڵام هاتنی شاندەکە بۆ رۆژی شەممە دواخراوە.

لیوا عەبدوخالق تەلعەت نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ڕاگەیاند، شاندەکە لە چەند ئەفسەرێکی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی تاوانەکان و تایبەتمەند بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان پێکدێت، لە رۆژی شەممەوە دێتە هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان دەکات.

گوتیشی، شاندەکە هەموو دەسەڵاتێکی لێکۆڵینەوەیان پێدراوە، لەگەڵ ئەفسەرە باڵاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێکەوە لێکۆڵینەوە دەکەن و دەتوانن سەردانی هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە لە هێرشە درۆنییەکاندا کراونەتە ئامانج و درۆنیان تێدا کەوتووەتەخوارەوە، هەروەها پارچە و پاشماوەی درۆنەکانیش دەبینن.

لیوا عەبدوخالق تەلعەت هەروەها گوتی، پێشبینیدەکرێت، لێکۆڵینەوەکانی ئەو شاندە چەند رۆژێک بخایەنێت، دواتر راپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئامادە دەکەن.

ناوبراو ئەوەشی وت، ئەمە دوایین شاندی ئەمنی عێراق دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە بێتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەماهەنگی دەبێت و لیژنەیەکی هاوبەشی تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، هاتنی شاندە ئەمنییەکەش دەرەنجامی سەردانەکەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار