سلێمانى تینویەتى.. دوو مزگەوت بەهۆى بێ ئاویەوە داخران

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نزیکەی مانگێکە کێشەى کەمئاوى بەشێکى زۆرى گەڕەکەکانى سلێمانى گرتووەتەوە، بەپێى بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەوانى هۆکارەکەى کەمبوونەوەى ئاستى ئاوى پرۆژەى سەرچنار و کەمبارانى سەرچاوەى ئەم کێشەیەن، دوو مزگەوتى دێرین و قەرەباڵغى سلێمانیش بەهۆى نەبوونى ئاوەوە داخراون.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوى سلێمانى ووتى، ئاستى ئاو لە پرۆژەى سەرچنار بەراورد بە ساڵى رابردوو بۆ کەمتر لەنیوە دابەزیوە و بەهۆى ئەوەى ئەم پرۆژەیەش یەکێکە لە سەرەکیترین سەرچاوەکانى ئاوى شارەکە، قەیرانى ئاو دروستبووە.

لەئێستادا لەسەنتەرى سلێمانى نرخى تانکەرێک ئاو لەنێوان 60 بۆ 100 هەزار دینارە و هاووڵاتیانیش بەناچارى ئەو بڕە پارەیە دەدەن بۆ دەستکەوتنى ئاو.

بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى خواردنەوە لە سلێمانى، دەرگاى مزگەوتى رەسوڵ لە گەڕەکى بەختیارى داخرا، بەم هۆیەوە لەماوەى یەک هەفتەدا دەرگاى دووەم مزگەوتە دادەخرێت.

ئیدارەى مزگەوتى رەسوڵ لەسەر دەرگاى مزگەوتەکە بە دوو وەرەقەى گەورە نوسیویانە” بەهۆى کەمئاوى داخراوە”.

ئامانج جەلال، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى ئەوەى خستەڕوو پڕۆژەى ئاوى سەرچنار 80%ـى ئاوەکەى لەدەستداوە، ئەوەش بووەتە هۆى گرفتى کەمئاوى، چونکە ئێستا تەنیا دەتوانین لە هێڵى یەک و دووى دوکان و ئەو بەشەى سەرچنار، ئاو دابین بکەین”.

لەئێستادا دانیشتوانى سلێمانى لە چوار بۆ پێنج رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت و پێنجشەممە و هەینى رابردووش، بەهۆى کەمئاویەوە، دوو رۆژ دەرگاى مزگەوتى کانێسکان داخرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار