بەغدا ڕەزامەندى نەداوە بۆ وەرگرتنى ئەو بڕەى نەوتەى ئێستا بەرهەمدێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ١٢٠ ملیار دینارى داهاتى ناوخۆ ئامادەیەو هەرکات گرفتى وەرگرتنى کێشەی نەوت چارەسەر بوو ئەوا دەینێرین، هێشتا حکومەتى عێراق ڕەزامەندى نەداوە بۆ وەرگرتنى ئەو بڕەى نەوتەى ئێستا لەهەرێم بەرهەمدێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: داهاتی نانەوتی مانگی شەش کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، ئامادەیە بۆ ناردن، بەڵام کێشەی بەغدا ئێستا وەرگرتنی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوە، دەبێت بەغدا بەو بڕە ڕازی بێت کە ئێستا لە توانای کێڵگە نەوتییەکاندایە، کە ئەم کێشەیە چارەسەر بوو ناردنی پارەکە ئاسانە.

توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا نزیکەی 150 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ئەگەر کێشە ئەمنییەکان چارەسەر بکرێن و دڵنیایی بدرێتە کۆمپانیاکان، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان بەرزببێتەوە بۆ 280 هەزار بەرمیل، کە لەو بڕە 230 هەزار بەرمیلی دەدرێتە بەغدا.

رۆژی یەکشەممە، سێی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند. ئەمڕۆ لیستی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانیان لە رێگەی تیمێکی تەکنیکییەوە رەوانەی بەغدا کردووە. 
 
ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووز لە کاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. 
 
زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران بۆ بەغدا نێردراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وتى، "لە بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران تەواو بووە، تاوەکو ئێستا هیچ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە پێ نەوتووین."

ئێستا لیستی مووچەی هەردوو مانگی شەش و حەوت لە بەغدایە، هاوشان لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی مانگی شەش. تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حەوتن تاوەکو پێش 15ـی مانگ بیدەنە بەغدا.

لەبارەی پرسی مووچە و نەوت، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوێنێ رایگەیاند، ''کۆبوونەوەمان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا هەبوو. ئەوانیش پێیان وایە نابێت چارەسەرکردنی ئەم بابەتە چی دیکە لەلایەن حکومەتەوە (فیدراڵی) دوابخرێ.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ''گوشارێک هەیە لەسەر حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی حوزەیران و تەممووز.''

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار