مەزڵوم عەبدی: سوریا پێویستی بە گۆڕانکاری جەوهەریی ناوخۆیی هەیە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە: سوریا لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد لە(8)ی کانونی یەکەمی 2024وە، گۆڕانکاری ریشەیی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە بەرەی ئێران و روسیاوە گواستراوەتەوە بۆ بەرەكەی دژی، ئەوەشی بە گۆڕانکارییەكی چۆنایەتیی ناوبردووە.
عەبدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (Yeni Yaşam) ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، پێی وابووە، رژێمی ناوەندگەرایی و تۆتالیتاری لە سوريا چیتر توانای بەردەوامبونی نییە، بەتایبەت دوای جەنگێك كە (١٤) ساڵى بەردامبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئێستا سوریا پێویستی بە گۆڕانکاری جەوهەریی ناوخۆیی هەیە، بەرەو سیستەمێکی نا ناوەندی، کە رێگە بە هەموو پێکهاتەکانی دانیشتوان بدات رۆڵی سیاسی و ئیداری خۆیان بگێڕن.
رونیشکردەوەتەوە: رێککەوتنی (١٠)ی ئازار لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، دەرئەنجامی زنجیرەیەک کۆبونەوە بووە کە لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤) لە دیمەشق دەستی پێکردووە، بەڵام لە سەرەتادا سەرکەوتوو نەبوون.
وتوشەیەتی: گفتوگۆکە بەردەوام بوو، بە نێوەندگیری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکا و بەریتانیا، تا رۆژی (10)ی ئادار دووەم کۆبونەوە ئەنجامدرا، کە تێیدا رێککەوتنی ئاگربەستی سەرتاسەری کرا، لە سایەی مەترسی پەرەسەندنە تائیفی و پێکدادانەكان لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا وتوشیەتی: ئامانجی رێککەوتنەکە بەدیهێنانی ئاگربەست و یەکخستنەوەی سوریایە کە بەسەر چوار دەسەڵاتی جیاوازدا دابەشکرابوو، پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان پێكهاتەكانی سوریا بووە هۆی خێراکردنی ئەم رێککەوتنە، بەمەبەستی رێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و، دڵنیابوون لە گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
