دوانیان لەهەڵەبجەبووە.. ئەمڕۆ شەش کەس لەئاودا خنکاون

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئێوارەى ئەمڕۆ دووکەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریسى سەربە پارێزگای هەڵەبجە خنکاون، بەمەش ژمارەى ئەوانەى ئەمڕۆ لەئاودا خنکان گەیشتە شەش کەس.
ئاکام قوتبەدین، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند: بەداخەوە دوو کەس لە کاتی مەلەکردن لە پۆندی پریس لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خنکاون بە ناوەکانی محەممەد عومەر و رابەر حەمەڕەشید، تائێستا نەتوانراوە تەرمەکانیان دەربهێنرێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، چوار گەنج لە سنووری بەردەڕەش خنکان، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەکاتى مەلەکردن لەئاودا خنکاون بەرزبویەوە بۆ شەش کەس.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 04-08-2025، چوار گەنج لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش خنکان.
عەقید عاسم حازم، ئەفسەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش راگەیاند، هەر چوار هاونیشتمانییەکە خەڵکی بەردەڕەشی بچووکن لە قەزاکە.
بە گوتەی عەقید عاسم حازم، لەکاتێکدا 7 گەنج بۆ خواردنی نانی بەیانی چووبوونە لێواری رووباری خازر لە گوندی کانیلانی سنووری بەردەڕەش، "سەرەتا یەکێکیان بۆ خۆفێنککردنەوە چووەتە نێو ئاوەوە و بەهۆی شارەزانەبوونی لە مەلەکردندا، خنکاوە.
دواتر ژمارەیەک لە گەنجەکان دوابەدوای یەکدیدا بۆ رزگارکردنی کەسانی پێش خۆیان چوونەتە نێو رووبارەکە، بەو هۆیەوە سێ کەسی دیکە خنکاون."
