ڕێکخراوى هەنگاو: مانگی رابردوو ئێران ٩٦ کەسى لەسێدارەداوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى ئەو ئامارانەى ڕیکخراوى هەنگاو خستویانەتەڕوو لە ماوەی مانگی ڕابردودا سزای لەسێدارەدانی ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە، لەو ژمارەیە 11 کەسیان کورد بوون.
بەپێى بەدواچوونەکان و بەراوردى رێکخراوى هەنگاو ئەمساڵ رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە ساڵی رابردوو 74% زیادیکردووە، مانگی شەشى ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تەنها بەندکراو جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی شەشى ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ٩٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ناسنامەی ۹۰ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی شەش بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۳ ژن لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد جێبەجێ کراوە. عاتفە ئەمینی، بەندکراوی خەڵکی یەزد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ناهید جەوکار بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و مەهتاب بەیاتنی بە هەمان تۆمەت لە بەندیخانەکانی یەزد، شیراز و مەشهەد لەسێدارە دراون.
شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۹۶ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی شەش لەسێدارە دراون، تەنیا ۴ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۲ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لە شارەکانی بۆکان و دامغان لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جولای لانی کەم سزای سێدارەی ۱۴ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۴.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۱۳ بەندکراوی تورک، ۱۱ بەندکراوی کورد و ۹ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون.
