هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی حەوت دابەش دەکرێت

14 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ ٥ی ئاب هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشلێت نزیکەی 74 هەزار ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێی هەژماری منەوە هاوکارییەکە وەردەگرن
دەقى ڕاگەیەندراوەکە
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمڕۆ ٥ی ئابی ٢٠٢٥ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٧) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا و دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەریوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) لە رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٧ی ئاب دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.
لەم مانگەدا، نزیکەی (٧٤٠٠٠) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
لێرەوە، بە هەمووانی رادەگەینن کە سەرچاوەی یەکانەی فەرمی بۆ هەموو هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگە، تەنها ماڵپەری فەرمی و سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
بۆیە هەر هەواڵ و زانیارییەک لە هەر پێگەیەکی تری میدیایی بڵاوبکرێتەوە متمانەی پێناکرێت و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ بەرپرسیاریەتیێک لە زانیارییە هەڵەکان هەڵناگرێت کە لە کەناڵەکانی ترەوە بڵاو دەکرێتەوە.
