بۆ پرسى موچە شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبەغدایە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە بەغدا، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کاراکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان.
بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە بەغدا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا کرابوو ئەو شاندە بچێت."
سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە کە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی ئەو لیژنانەی پێشتر پێکهێنرابوون، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
هەرچەندە بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لەسەر داوای وەزیرە کوردەکان، بابەتەکە وروژێنراوە داواکراوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کارەکانی لێژنە هاوبەشەکان و دەستپێکردنەوەیان."
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، وەزیری نەوت بەپێی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی: "هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 130 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و 50 هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بەغدا 80 هەزاری وەردەگرێت."
بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە: "بەهۆی هێرشە درۆنییەکان، کێڵگە نەوتییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ترساون و کار ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان."
