ماڵپەرێكی ئەمریكی: ئەمریكا هاوكارییە داراییەكانی بۆ پێشمەرگە ڕادەگرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی دەڵێت: وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڕِیاریداوە هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە رێژەی زیاتر لە (40%) كەمبكاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریکا هاوكارییە داراییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە رادەگرێت، پاڵپشتیەكانيشی بۆ بەرگریی عێراق كەمدەكاتەوە، لەبەرامبەردا هاوكاری دەزگای دژە تیرۆر زیادەكات.
ئەلمۆنیتۆر، لە راپۆرتێكدا بڕگەكانی رەشنوسی بودجەی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکای بۆ ساڵی 2026 ئاشکرا کردووە، کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بارەی شێوازی پێشکەشکردنی پشتیوانییەکان بۆ عێراق لەخۆدەگرێت.
ئەو گۆڕانکارییانە بریتین لە، راگرتنی بودجە بۆ مووچەی هێزی پێشمەرگەو کەمکردنەوەی ئەو هاوکارییانەی کە بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق تەرخان دەکرێن، لە بەرامبەردا پشتیوانییەكانی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەشێوەیەكی بەرچاز زیاد دەکات.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، لە رەشنوسەکەدا هاتووە، پێدانی مووچەی پێشمەرگە رادەگیرێت و بەرپرسیارێتی دابینکردنی بودجەكەیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵانێک بوو مووچەكەیان لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە دابین دەکرا.
هاوكات، پشتیوانی دارایی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە (189.1) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها (48.2) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 کەم دەکرێتەوە.
لەبەرامبەردا، حکومەتی ئەمریکا بڕیاری داوە بودجەی خۆی بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق لە (9.3) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (63.6) ملیۆن دۆلار زیاد بکات، کە لە ساڵی داهاتووەوە دەستپێدەکات، ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی لە ئەولەویەتەکانی پشتیوانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق.
راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆر دەشڵێت: "واشنتۆن دەستیکردووە بە گواستنەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی لە وەزارەتی بەرگری عێراق و هێزی پێشمەرگەوە بۆ دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموكرات بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی وەسفی ماڵپەرە ئەمریكیەكە، ویلایەتە یەكگرتووەكان وەک هێزێكی هاوسەنگ تەماشای دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری عێراقی دەکات لە بەرامبەر گرو پە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراق.
