لە٧٢ کاتژمێردا سێ کاروانی سەربازی هاوپەیمانان گەیەندرایە ڕۆژئاواى کوردستان

5 كاتژمێر لەمەوپێش



لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بوون لە بەهێزکردنی پێگەى سەربازیى خۆیان لە ڕۆژئاواى کوردستان و  بە سێ کاروانی یەک لە دوای یەک کەرەستەى لۆجستیی و چەک و پێداویستى سەربازیى لە هەرێمی کوردستانەوە گەیەندراوەتە سەربازگەی قەسرەک لە لادێکانی حەسەکە.

ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، بڵاویکردەوە بەپێی زانیارییەکانى ئەوان کاروانى یەکەم ڕۆژی یەکشەممەبووەو 37 بارهەڵگر کەرەستەی سەربازی و چەک و تۆپخانەیان تێدابووە، جگە لە بارهەڵگری داخراو داپۆشراو.

کاروانى دووەم رؤژى سێ شەمە براوتە ڕۆژئاواى کوردستان پێکهاتووە لە 15 بارهەڵگری زرێپۆشی ئەمریکی، کاروانى سێیەمیش ئەمڕۆ گەیشتوە کە 20 بارهەڵگر بوو هەندێکیان تانکەری سووتەمەنییشیان هەڵگرتبوو.

ئەم جموجۆڵانەو گواستنەوەى کەلوپەلى سەربازییە لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتییە لۆجستییە بەردەوامانەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەش بە بنکەکانیان دەکەن کە لە ڕۆژئاواى کوردستان.

ڕۆژی 24ی تەمموز، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چاودێری هاتنی کاروانێکی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکای کرد کە 37 بارهەڵگر پێکهاتبوو بۆ ناو خاکی سوریا لە ڕێگەی دەروازەی وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە.

کاروانە سەربازییەکە کە لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانى هاوپەیمانانەوە پارێزگارى لێدەکرا، لە رێگەى دەروازەى وەلیدى سنورییەوە و لە هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بنکەى قەسرک لە دەوروبەرى حەسەکە کراوە.

بەپێی ئامارەکانى روانگەى سورى، بەگشتى لە مانگى تەمموزدا، هاوپەیمانان لە رێگەى 244 بارهەڵگر و حەوت فڕۆکەوە هاوکاریی سەربازیان گەیاندووەتە بنکەکانیان، هەروەها 11 ئۆپراسیۆنى دابەزینیان لە ئاسمانەوە ئەنجامداوە.

مانگی تەمموز پەرەسەندنێکی بێ وێنەى بەخۆوە بینى لە چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ناو خاکی سوریادا، چ لە ڕووی قەبارەی جموجۆڵە سەربازییەکان و چ لە ڕووی پانتایی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان کە شانەکانی داعشیان کردە ئامانج لە سەرانسەری وڵاتدا.

ئەم جموجۆڵانە بریتی بوون لە بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵمەتی ئەمنی و هێرشی ئاسمانی، کە هەندێکیان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و گروپەکانى سوپای نیشتیمانییان کردە ئامانج. ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان و چڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانى داعش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار