عەلی حسێن: بەگوێرەى رێککەوتنەکە نەوت ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ کراوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
عەلى حسێن، ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى مەکتەبى رێکخستى سلێمانى – هەڵەبجەی پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد کراوە و هەرێمی کوردستان پابەندە بەو رێککەوتنەی کراوە.
لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لەشارى سلێمانى عەلی حسێن بەڕۆژنامەنوسانى وت: بەگوێرەى رێککەوتنى هەولێر و بەغداد نەوتمان رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ کردووە و هەردوولا پابەندن، بەتایبەتی هەرێمى کوردستان پابەندە بە رێککەوتنەکە، بەڵام “هەندێک بابەتی تەکنیکی هەن بەتایبەتی بەبابەتی هێرشی درۆنەکان و بەپێی ئەو توانستەی هەیە ئێمە جێبەجێی دەکەین”
ئەم وتانەى بەرپرسەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا لە کەرکوک رایگەیاند، تائێستا گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەردەوامە و پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هەیە لەبارەى هەناردەى نەوتەوە لەڕێی کۆمپانیاى سۆمۆوە.
وتیشی، ئێستا هەرێمى کوردستان رۆژانە نزیکەى 130 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەرهەم دەهێنێت، 50 هەزار بەرمیل نەوتى بۆ بەکاربردنى ناوخۆ دەبێت و ئەوانیش بڕى 80 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیان لێوەردەگرن و لەڕێی بەندەرى جەیهانەوە هەناردەى دەکەن.
وەزیرى نەوتى عێراق راشیگەیاند، کاردەکەن بۆ وەبەرهێنانى غاز لە پارێزگاى کەرکوک، بەرهەمهێنانى نەوتیش لە پارێزگاکە 350 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە و هەوڵى زیادکردنى دەدەن.
