سەرچاوەیەک: كۆبوونەوەی نێوان شاندەکانى هەولێر و بەغدا ئەرێنین

18 كاتژمێر لەمەوپێش
بەوتەى سەرچاوەیەكى ئاگادارى وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی نێوان شاندەکانى هەولێر و بەغدا ئەرێنین و شاندەكەی هەرێم تاڕۆژى شەممە لەبەغداد دەبن و بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ هاوتاكانیان لەنێو ئەو لیژنانەی كە پێكهێنرابوون بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەیانی ئەمڕۆوە لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی دەستپێکردووە. لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە سەرچاوەکە وتى: گفتوگۆکان "ئیجابی" بوون و ئومێدێکی باش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە.
لەلایەکى دیکەوە، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ باسی لە وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کرد و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ زۆر باش بوو. بیروڕای هەموولایەک بەو ئاراستەیە بوو کە بە زووترین کات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت."
کەلاری ئاماژەی بەوە کرد بابەتی نەوت کە کێشەی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدایە، لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاراستەیەکی ئەرێنی باسکراوە. بە گوتەی ئەو، "هەموو قسەکانی وەزیری نەوتی عێراق زۆرباش بوون، بەو ئاراستەیە بوون کە ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت وەربگیرێت و لە بەرامبەردا بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت."
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممە لە کەرکووک رایگەیاند، لە ماوەی "سبەی و دوو سبەی" هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
بە گوتەی شوان کەلاری، بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار بدات ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت (نزیکەی 130 هەزار بەرمیل) رادەستی سۆمۆ بکرێت، دوای ئەوەی پشکی بەکاربردنی ناوخۆ (50 هەزار بەرمیل) بۆ هەرێمی کوردستان جیا دەکرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە دەستکەوتوون، کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیشکیان خستووەتە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی، لەوانە:
-پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
-داهاتی ناوخۆی هەرێم و میکانیزمی ناردنی بۆ بەغدا.
-پرۆژەی "هەژماری من".
-دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی سەرچاوەکە شاندی هەرێمی کوردستان ئەگەری هەیە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە 9ـی ئەم مانگە لە بەغدا بمێننەوە. هۆکاری مانەوەیان بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتانەیە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوای کردبوون.
شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە بەغدا، بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کاراکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان.
بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، راگەیاند: "شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە بەغدا، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا داوا کرابوو ئەو شاندە بچێت."
سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردووە کە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی ئەو لیژنانەی پێشتر پێکهێنرابوون، دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
هەرچەندە بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا نەبووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، لەسەر داوای وەزیرە کوردەکان، بابەتەکە وروژێنراوە داواکراوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و کارەکانی لێژنە هاوبەشەکان و دەستپێکردنەوەیان."
