وردەکارى ڕووداوى کوشتنەکانى بەنزینخانەکەى هەولێر 

16 كاتژمێر لەمەوپێش



لەسەر رێگای کۆیە لە هەولێر شەڕەتەقە رویدا و بە هۆیەوە سێ کەس کوژراون کەسێکیش وەک تۆمەتبارى سەرەکى ڕووداوى تەقەکردنەکە دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە. 
نەقیب کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەبارەى ڕووداوەکەوە وتى: "ئاگادارکراوینەتەوە لە کوشتنی سێ کەس و تیمەکانمان لە ڕێگادان و گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر."

شایەتحاڵێکى ڕووداوەکە دەڵێت، ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرۆزەری رەش چووە بۆ تێکردنی بەنزین، دوای ئەوەی هەندێک بەنزین رژاوە، شۆفێرەکە گوتویەتی، "پارەی بەنزینە رژاوەکە نادەم" و بووەتە دەمەقاڵێ لەنێوان شۆفێرەکە و کارمەندی بەنزینخانەکە. 

کارمەندی بەنزیخانەکە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گولەی لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەیان لە رێگەی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. 

جگە لەو دوو کەسە، کەسێکی دیکە کە پەیوەندیی بە رووداوەکەوە نەبووە گولەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو دوو کەسەی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا کوژراون خەڵکی سووریان، کەسی سێیەمیش کرێکار بووە  و لە کاتی ڕووداوەکەدا بەو شوێنەدا تێپەڕیووە و هیچ پەیوەندی بە ڕووداوەکەوە نەبووە و لە ئەنجامدا گولەیەکی بەرکەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

بەرێوەبەرایەتى پۆلیسیش ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو دەڵێت: دوای ئەوەی ئەمشەو چوارشەممە کاتژمێر 8 و 30 خولەک ڕێکەوتی (6-8-2025) لە بەنزیخانەیەک لە شەقامی کۆیە کارمەندی بەنزینخانەکە و شۆفێرێک و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەبێتە دەمەقاڵییان، لەلایەن کارمەندی بەنزینخانەکەوە تەقە دەکرێت و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی دەکوژرێن، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەەرایەتی پۆلیس تۆمەتباریان دەستگیر کرد و لە ئێستاشدا بە بڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار