ئەنەکەسە: لە دەستووری نوێی سووریادا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد بنرێت

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەڵێت، پێویستە لە دەستووری نوێی سووریادا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد بنرێت، داواش لە دیمەشق دەکات لەگەڵ شاندی هاوبەشی کورد دەست بە دانوستانی جددی بکات.
لە شاری قامشلۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد لە راگەیێندراوێکدا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریاوە خستەڕوو.
ئەنەکەسە لە راگەیێندراوەکەیدا سەرکۆنەی ئەو رووداوە "دڵتەزێنانەی" کرد کە لە ناوچەکانی کەناراوەکان و سوەیدا روویانداوە، هەروەها تەقاندنەوەی کەنیسەی مار ئەلیاسی لە دیمەشق بە تووندی سەرکونە کرد. ئەنەکەسە، دەسەڵاتی راگوزەری سووریای بە بەرپرسیار زانی لە "کەمتەرخەمی لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لەو رووداوانە".
ئەنجوومەنەکە ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئەو "رێچکەی پەراوێزخستن و تاکڕەوییە" دەربڕی، کە باڵی بەسەر ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، پێکهێنانی حکومەت و ئەنجوومەنی گەلدا کێشاوە.
ئەنەکەسە ئاماژەی بە پێکهێنانی شاندی هاوبەشی کوردی کردووە و داوای لە دەسەڵاتی راگوزەر لە دیمەشق کردووە کە "بێتە نێو دیالۆگێکی جدی و بەرپرسیارانە لەگەڵ شاندی هاوبەشی کورد."
جەختی لە گرنگیی کاراکردنی رۆڵی ئەو شاندە و پێویستیی بنیاتنانی "مەرجەعیەتێکی یەکگرتووی کوردی" کردووەتەوە. سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لە سووریا، ئەنەکەسە چەند داواکارییەکی خستووەتەڕوو:
دانپێدانانی دەستووری: دەستووری نوێی سووریا دەبێت "دەقی روون و ئاشکرا لەخۆبگرێت کە دان بە مافە نەتەوەییە رەواکانی گەلی کورد دا بنێت، لەنێویاندا ناسنامە و زمانی کوردی."
هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی جیاکاری: داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو سیاسەتە جیاکارییانە دەکات کە لە رابردوودا دژی کورد پەیڕەو کراون.
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان: پێویستە قەرەبووی دادپەروەرانەی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەنەکەسە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە کورد بە "ئەجێندای دابەشکاری یان جیابوونەوە"وە دەبەستنەوە و دەڵێت، ئەوە درێژکراوەی "هزری پەراوێزخستنی سەردەمی رژێمی پێشوو"ە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە باسی لە ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی نیشتمانیی خۆی لە کاتێکی گونجاودا.
