شاندی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبێتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە شاندی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كۆببێتەوە و ئەگەر ئەنجامی كۆبوونەوەكە بەرەو باشی بڕوات، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی یەكشەممە كۆدەبێتەوە و بڕیار لە مووچەی مانگی 6 و 7 دەدرێت.

شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، سێ کەس لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی هەرێم، دوو ئەندامی تیمی هەژماری من، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ چاودێری دارایی عێراق کۆبوونەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە.

شاندەکەی هەرێم 50%ـی کارەکانی تەواو کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە بچنە بینای وەزارەتی دارایی عێراق و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی کۆببنەوە، لەسەر بابەتی ناردنی مووچە گفتوگۆ بکەن و یەکلایی بکەنەوە.

بەوتەى سەرچاوەیەكى ئاگادارى وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی نێوان شاندەکانى هەولێر و بەغدا ئەرێنین و شاندەكەی هەرێم تاڕۆژى شەممە لەبەغداد دەبن و بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ هاوتاكانیان لەنێو ئەو لیژنانەی كە پێكهێنرابوون بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەیانی ئەمڕۆوە لە بەغدایە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی دەستپێکردووە. لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە سەرچاوەکە وتى: گفتوگۆکان "ئیجابی" بوون و ئومێدێکی باش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە.

لەلایەکى دیکەوە، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ باسی لە وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کرد و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ زۆر باش بوو. بیروڕای هەموولایەک بەو ئاراستەیە بوو کە بە زووترین کات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار