مەزڵوم عەبدی: گروپە چەكدارەکانى سوریا توركیا پارەیان دەداتێ

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوپای دیموكرات رایدەگەیەنێت: ئەوانەی کۆمەڵکوژی کەناراوەکانی سوریا و سوەیدایان ئەنجامدا، لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدا نین، دەشڵێت: ئەو گروپانە لە سوەیداوە هەڕەشیان لە كورد دەكردو دەیانوت ئەگەر لێرە تەواوبین بۆ ئێوە دێین، زۆرینەی کەسانێکن کە پێشتر لە دژی ئێمە شەڕیان کردووە، ئەم رووداوانە هەموو راستییەکانی ئاشکرا کردو، هەمووانی بە هێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە هێنایە سەر ئەو بڕوایەی، پێویستە رژێمی سوریا نا ناوەندی بێت، کە تێیدا هەمووان لە مافەکانی خۆیان بەهرەمەند بن.
مەزڵوم عەبدی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "یەنی یاشام"ی توركی، كە رۆژنامەكە بە شێوەی زنجیرە بڵاویكردووەتەوە، لە دواین بەشدا ئاماژەی بە كۆمەڵێك پرسی تر كردووەو تیایدا دەڵێت: ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەكان لە ناوچە کەنارییەکانی سوریا و سوەیدا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نین، دەوڵەت ئاشکرایان دەکات، بەڵام هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەریاندا نییە.
لەبارەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیاش دەڵێت: ئەو هەڕەشانە بێ بنەمان، ئێمە بڕیارێکی ستراتیجیمان داوە بۆ یەکخستنی دامودەزگا نیشتمانییەکانی سوریا بە سوپاشەوە، ئەوەی ئێمە لە تورکیاى چاوەڕێ دەکەین، هاندانی هەردوولایە، ئێمە هاوڵاتی سوریاين و دەمانەوێت خۆمان کێشەکانمان چارەسەر بکەین، دانوستانە بەردەوامەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا مەترسی لەسەر تورکیا دروست ناکات، ئەگەر ئەم دانوستانانە بەرهەمیان هەبێت، هەڕەشەکانی سەر تورکیاش کەم دەبنەوە.
مەزڵوم عەبدی باس لەوەشدەكات: لە ئێستادا چەندین گروپی چەكداری بچوکی سەر بە تورکیا لە سوریاهەن کە لەلایەن تورکیاوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بە وتەی وەزیری بەرگری كە لە کۆبونەوەی دیمەشق پێی وتم، (139) گروپی چەكدار لە سوریا هەن کە زۆربەیان نزیکن لە تورکیاوە، ئەم گروپانە هێشتا نەبوونەتە بەشێك لە سوپای سوریا، كە لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا بڕیاریان دا یەکبگرن، سەرەڕای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەرچاو لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری سوریا، بەڵام هێشتا بوونیان هەیە.
لەبارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی سوەیداو پەلاماری دروزەكانیش دەڵێت: ئەوانەی چوونە سوەیدا لە گرتەی ڤیدیۆیدا هەڕەشەیان لە ناوچەكانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكرد، بەتایبەتی کورد، زیاتر لە دروزەکان، بە راشکاوی دەیانەوت: ئەگەر سوەیدا لەناو ببەین، بۆ ئێوە دێین، زۆرینەی ئەوانە لە رابردوودا دژی ئێمە شەڕیان كردووە.
هەربۆیە دوای رووداوەکانی سوەیدا، هەمووان بە هێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە، گەیشتنە ئەو بڕوایەی پێویستە رژێمی سوریا دەبێت نا ناوەندی بێت، كە هەمووان لە مافەکانی خۆیان بەهرەمەند بن، پێویستە سیستەمێک جێبەجێ بکرێت کە هەموو لایەک رازی بکات.
