ئەردۆغان: پاڵپشتی تەواوى کارەکانى کۆمیسیۆن دەکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆک کۆمارى تورکیا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ناتانیاهۆ ناوچەکە بەرەو کارەسات دەبات و وتی، "هەموو کارێکی پێویست دەکەین بۆ وەستاندنی دڕندەیی غەززە و بۆ ئەوەی بەبێ پچڕان هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە خوشک و برا برسیەکانمان لە غەززە".

ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەممە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا، لەسەر چەند پرسێکى جیازواز قسەیکرد.

لەبارەى لیژنە پەرلەمانیەکەوە کە بۆ چارەسەرى پرسى کورد پێکهێنراوە، وتى: کۆمیسیۆنەکەمان بەگوێرەی چاوەڕوانییەکانی میللەتەکەمان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. پشتگیری تەواو بۆ کارەکانی کۆمسیۆن دەکەین. ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگریی نیشتمانی و ناوخۆ و بەڕێوەبەری(میت) پشتیوانى و پشتگیریان پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە کرد و ئەندامانی کۆمسیۆنیان ئاگادار کردەوە. با هەموومان واز لە خوێنڕشتن بهێنین و کۆتایی بە ئازار بهێنین.

هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ئەو بڕیارانەی کە لە دوو کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمسیۆندا بە کۆی دەنگ گەیشتن، دڵخۆشکەر بوون. هەڵوێستی ئێمە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕوون بووە: ئەرکی دامەزراوەی سیاسییە بەرامبەر بە میللەت کە هەڵوێستی نیشتمانی لەبارەی پرسە نیشتمانییەکان بگرێتەبەر.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەردۆغان باسى لەغەززە کرد، وتى: هەرگیز واز لە غەززە ناهێنین. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕاگرتنی دڕندەیی لە غەززە. تورکیا ڕوونترین وەڵام بە ئیسرائیل دەداتەوە.

سەرۆک کۆمارى تورکیا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد،  دەمەوێت میللەتی ئازیزم ئەمە بزانێت: تورکیا ئەو وڵاتەیە کە ڕوونترین وڵامی بە دڕندەیی و بەربەرییەتی و کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدان و ستەمکارییەکانی دەوڵەتی تیرۆری ئیسرائیلی لە دژی خوشک و برا فەلەستینییەکانمان داوە.

پاشنیوەڕۆى ئەمرۆ حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبویەوەو یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش پرۆسەی چارەسەرییە.
 
وەک میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە دەڵێت، یەکێک لەبابەتەکانی کۆبوونەوەکەش جەنگی غەززە بووە، لەوانەش گفتوگۆ لەبارەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچەیەی فەلەستین.
 
مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و دوایین پێشهاتەکان لەبارەی رێککەوتنەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار