ئاژانسى فرانس پرێس: ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی کۆبوونەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاژانسی فرانس پرێس، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری کورد و حکومەتی سوریا لە دیمەشق بۆ درێژەدان بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا کۆبوونەتەوە. ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی حکومەت دێت کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا دەکات کە بڕیارە لە پاریس بەڕێوەبچێت .

ئەمڕۆ سێ شەممە فرانس پرێس لەزارى سەرچاوەیەکى کوردەوە بڵاویکردەوە  کۆبوونەوەکە لەنێوان ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی وەزیرى دەرەوەى سوریا ئێوارەی دووشەممە بەڕێوەچووەو کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای دیمەشق بووە.

بەپێى ڕاپۆرتى ئاژانسەکە کە لەسەرچاوەیەکى کوردەوە وەریگرتوە، دەڵێت: ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتەیەکی گونجاوی لامەرکەزی کردووەو هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دوورخستنەوەی بژاردەی سەربازی.

هەروەها رۆژاڤا و دیمەشق بەردەوامیی دانوستانیان بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە.

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی خۆسەری کورد ڕۆژی هەینی  ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی بێ وێنەی لە شاری حەسەکە ئەنجامدا، کە بۆ یەکەمجار نوێنەری کەمینەکانی دروز و عەلەوی لەخۆگرتبوو. لە بەیاننامەی کۆتاییدا، ئامادەبووان داوای دەستوورێکیان کرد کە "دەوڵەتێکی لامەرکەزی دامەزرێنێت".

دیمەشق ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکە گرت و بە "تێکدانی پڕۆسەی دیالۆگ"ی زانی و بایکۆتکردنی "هەر کۆبوونەوەیەک کە بڕیارە لە پاریس ئەنجام بدرێت" ڕاگەیاند، کە پێشەنگی هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان هەردوولا لەگەڵ واشنتۆنە.

سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە دیدارەکەی نێوان ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە هەردوولا لە پاریس کۆببنەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و فەرەنسا و نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق. ئەم ڕێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی ڕابردوو لە پاریس هات بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرا سەرۆک کۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ی ئازار بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کرابوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار