کۆمپانیاى سۆمۆ: هەرێم هێشتا نەوتی ڕادەست نەکردووین

7 كاتژمێر لەمەوپێش



کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نەوتی هەرێمی کوردستانیان رادەست نەکراوە، ئەگەر رادەستیان بکرێت، ئامادەن بۆ فرۆشتنی. وەزارەتی نەوتیش باس لە نزیکبوونەوە لە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکات.
 
عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) راگەیاند، "ئێمە تەنیا لایەنی فرۆشیارین. سەرجەم ئەو رێکار و ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکمان رادەستنەکراوە بۆ فرۆشتن."
 
لەبارەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆری تورکیاوە عەلی نزار گوتی، "خەریکی چاوخشاندنەوەین بەو پێشنیازانەی حکومەتی تورکیا بۆ رێککەوتنی نوێ ناردوونی. بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە نەوتەوە نییە و چەندین وەزارەتی دیکەش پەیوەستن بەو رێککەوتنەوە کە پێویستە ئەوانیش سەرنجی خۆیانی لەسەر بڵێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێش تەواوبوونی وادەکەی دەگەینە رێککەوتن."
 
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، "مانگانە بەشێکی نەوتی کەرکووک هەناردەی ئوردن دەکرێ و نەوتی کێڵگەی گەیارەش لە نەینەوا لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هاوشێوەی نەوتی بەسرە هەناردە دەکرێت."

عەلی نزار لەسەر داهاتی نەوت باسی لەوە کرد کە "داهاتی نەوت راستەوخۆ لەو کۆمپانیا و لایەنانە وەردەگرین کە لێمان دەکڕن و هیچ دواکەوتنێک لە وەرگرتنی داهاتەکەدا نییە."
 
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق وتى، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان نەدراوە، بەڵام بەم نزیکانە رێککەوتنی کۆتایی دەکرێ و هەناردەکردنەوە دەستپێدەکاتەوە."
 
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، "لەدۆخی هەناردەکردنەوەیدا، نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت."
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار