هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن
.jpg)
8 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتین، کۆنووسی رێککەوتنەکە لەلایەن 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە.
چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژە بەوە دا، لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق ڕێککەوتین، ڕێککەوتنەکەش لە لایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17ـیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکان لە 17ـی مانگی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگۆیەکی زۆر، لە 11ـی ئەم مانگە ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کراوە، کە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکان دەبێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.
ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە، کە هەنادەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا تۆمارکرا و بەهۆیەوە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیرا، کە بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکە، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و جەختیش لەوە دەکەنەوە، هیچ لایەنێک لەو بڕیارە سوودمەند نەبوون.
