دەستەی مافی مرۆڤ: سبەینێ شاسوار عەبدولواحید پارێزەرەکانى دەبینێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت شوێنی حەوانەوەی شاسوار عەبدولواحید لە بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی هیچ کێشەیەکی نییە.
سلێمان سندى بەڕێوەبەرى گشتى لە دەستەى مافى مرۆڤى کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ وەک شاندێک چوونەتە لاى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەی نوێ لە زیندان و لەسەر داواکارى خۆى براوەتە ژوورێکى تایبەت.
سلێمان سندى لە لێدوانێکدا وتى: وەک شاندێکى دەستەى مافى مرۆڤ چوونەتە لاى شاسوار عەبدلواحید لە گرتووخانەى راگرتن و گواستنەوەى سلێمانى بارودۆخى باشە بووە.
گوتیشى: هەر ئەمڕۆ کەسوکارەکەى بینیویانە، وەک رێزێک خۆى داواى شوێنێکى تایبەتى کردووە و ژوورێکى پێدراوە و لەوێ راگیراوە.
هەروەها ئاشکرایکرد، شاسوار عەبدولواحید داواى بینینى پارێزەرەکانى کردووە لەسەر داواکارى ئێمە بڕیارە سبەى پارێزەرەکانى ببینێت.
شەوى رابردوو، لەسەر دۆسیەى پەرلەمانتارێکى پێشووى کوردستان، شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرا، بڕیاربوو، ئەمڕۆ ببرێتە بەردەم دادوەر، بەڵام دواخرا بۆ کۆتایی ئەم مانگە.
لەلایەکى دیکەوە رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، راگەیاند: "ئەمشەو لە مەراسیمی ناساندنی کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا چاومان بە کاک بافڵ تاڵەبانی کەوت، چەند پرسیارێکمان لێیکرد و یەکێک لە پرسیارەکانمان پەیوەندیی بە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە هەبوو."
بە گوتەی رەحمان غەریب، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وەڵامی پرسیارەکەیدا سەبارەت بە کەیسی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ گوتوویەتی: "من ئاگام لە کەیسی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید نییە، بۆ پرسیار لە من دەکەن؟"
