موراد قەرەیلان: تا ئـ.ـۆجـ.ـەلان ئازاد نەبێت، پرۆسەکە ناگاتە ئەنجام

4 كاتژمێر لەمەوپێش



موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە"، سەرکەوتنى پرۆسەى چارەسەریى دەبەستێتەوە بە ئازادکردنى عەبدوڵا ئۆجەلان و دەشڵێت، پابەندن بە بڕیارەکانى کۆنگرەى پەکەکە و لیژنە پەرلەمانییەکەى تورکیاش بە هەنگاوێکى "گرنگ" ناودەبات.

موراد قەرەیلان، بەبۆنەى 41هەمین ساڵەى دەستپێکى خەباتى چەکداریى پەکەکە، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا وتارێکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، پابەندن بە بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ـى پەکەکە و بانگەوازی 19ـی حوزەیرانی ئۆجەلان.

قەرەیلان دەشڵێت، "بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام کۆتری ئاشتی بە باڵێک نافڕێت. پێویستی بە دوو باڵە".

باسیلەوەشکردووە، تێکەڵبوونى دیموکراتی و یاساکانی ئازادی گرنگن، بەڵام ئەگەر تەنیا وەک چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلا ببینرێت، ئەوا کەم دەهێنێت.

قەرەیلان مەرجى ئازادکردنى ئۆجەلان بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە دادەنێت و لەو بارەیەوە دەڵێت، "گەریلا ئەوە قبوڵ ناکات. گەریلا تەنیا لەپێناو خۆیدا نەهاتە سەر چیا. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەندازیاری ئاشتی و خوشک_برایەتیی گەلان، رێبەر ئاپۆ، بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. دەبێت هەڵوەستە بکرێت بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە. ئەگەر وا نەبێت، قبوڵ ناکرێت".

قەرەیلان روونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، "ئەوە تەنیا گوتەی فەرماندە و بەڕێوەبەران نییە. گوتەی هاوبەشی هەموو شەڕڤان و گەریلاکانە. یاسا بۆ گەریلا دەربکرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵبگرێت و بە ئازادی بگەڕێتەوە ماڵەوە، کەچی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بە زیندانیکراوی بمێنێتەوە! ئەمە قبوڵ ناکرێت".

لەبارەى هەنگاوەکانى پرۆسەى چارەسەرییەوە، قەرەیلان ئاماژەى بەوەکردووە، "ئێستا لە پەرلەمان لیژنە پێکهێنراوە، بێگومان، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە. دەبێت دەوڵەتی تورک ئەو راستییە لەبەرچاو بگرن. ئەگەر لەم سەردەمە مێژووییەدا، لەو رووەوە هەنگاو بنرێت، پرسی 100 ساڵەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەوا لەنێوان گەلانی کورد و تورکدا، خوشک_برایەتییەکی راستەقینە دێتەئاراوە".

جەختیشدەکاتەوە، بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسەکە و ئاشتییەکی درێژخایەن، دەبێت هەڵوێستی قایلکەر پیشانبدرێت. دەڵێت،  "ئەوان بەشێوەیەکی ستراتیجیی نزیکی ئەو خاڵە دەبنەوە. هیچ رێبازێکی تاکتیکی و فێڵبازانە لای ئەوان نییە".


وتەکانی موراد قەرەیلان بەم جۆرەیە:

"هاوڕێیانی هێژا، گەلی وڵاتپارێزمان!

جەژنی ژیانەوە لە هەمووتان پیرۆزبێت.

٤١هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ـی ئاب، جەژنی ژیانەوە، لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆزبێت. سڵاو و ڕێز و دڵسۆزیی خۆمان پێشکەش دەکەین. جەژنی ژیانەوە لە گەلەکەمان و گەلانی هەرێمەکە و دۆستانی گەلەکەمان و دایکانی شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان و هەموو هاوڕێیان و خەباتکاران پیرۆز بێت.

لە کەسێتی فەرماندەی نەمر، عەگید_مەعسوم کۆرکماز، هاوڕێ عەلی حەیدەر قەیتان، ڕەزا ئاڵتون، نوورەدین سۆفی، کۆچەرۆ ئورفا، دەلال ئامەد و زیلاندا، هەموو شەهیدانی شۆڕش بە ڕێزەوە بیردەهێنمەوە و سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنم. بەڵێنەکەمان بۆ شەهیدان دووپات دەکەینەوە. هاوکات لە کەسێتی شۆڕشگێڕیی هێژا فەرماندە زەکی شەنگالی، ئاتاکان ماهیر و ڕێزان جاوید، هەموو شەهیدانی مانگی ئاب بیردەهێنینەوە و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنین. بەڵێنەکانمان بۆ شەهیدان دووپات دەکەنەوە. بۆ هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان دەڵێین؛ ئەی شەهید ڕۆحتان شاد و ئاسوودە بێت، ئاڵاکەتان هەمیشە شەکاوە دەبێت و دۆزەکەتان سەردەکەوێت!

هاوڕێیانی هێژا، گەلی وڵاتپارێزمان!

هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە مێژووی گەلەکەماندا، لەدایکبوونەوەیە. شکاندنی زنجیرەکانی کۆیلایەتییە. سەرهەڵدانە دژی کۆیلایەتی و داگیرکاری. لە تاریکی ئەو سەردەمەدا، ڕاپەڕینێکی مێژوویی لەم جۆرە ڕێگای بۆ گۆڕانکاری جددی لەناو کۆمەڵگای کوردستان کردەوە. ڕاستە هەڵمەتەکە بە چالاکی چەکداری دەستی پێکرد، بەڵام تەنها سەربازی نەبووە. لایەنی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆی هەبوو. کۆمەڵگا گەڕایەوە سەر جەوهەری خۆی، پرسیاری لە خۆی کرد. بەم شێوەیە شۆڕشێکی فیکری و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشێکی کولتووری و شۆڕشێکی ژنانی لە ناو خۆیدا ئەنجامدا. هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆ گەلەکەمان گۆڕا بۆ پرۆسەی خۆبنیاتنانەوە. ژیانەوە بەم جۆرە ڕوویدا. بەم جۆرە گۆڕا بۆ شۆڕشی ژیانەوە و هەبوون و ئازادیی. ئەم هەڵمەتە مێژووییە ڕۆحێکی نەتەوەیی لەنێو گەلی کوردستاندا ئافراند. لە کوردستان و هەرێمەکەدا، ئاڵای ئازادی و دیموکراسیی بڵندتر کردەوە. بۆیە ڕۆژێکی مێژووییە و دەبێت هەردەم بەلای گەلەکەمانەوە بە دڵخۆشی پێشوازیی لێ بکرێت.

گەلی هێژامان، هاوڕێیانی شکۆمەند!

وەک دەزانرێت بە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ، پرۆسەکەمان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. ئێمە پابەندین بە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە. هاوکات پابەندین بە بانگەوازی ١٩ـی حوزەیرانی ڕێبەر ئاپۆوە. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین. بەڵام کۆتری ئاشتی بە باڵێک نافڕێت. پێویستی بە دوو باڵە. هۆکاری بەشداربوونی هەموو هەڤاڵان لە ڕیزەکانی گەریلادا، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەمە ڕاستییە. بێگومان، ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک و یاساکانی ئازادیی گرنگن. بەڵام ئەگەر تەنها وەک چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلا ببینرێت، ئەوا کەم دەهێنێت. گەریلا ئەمە قبووڵ ناکات. گەریلا تەنها لەپێناو خۆیدا نەهاتە سەر چیا. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەندازیاری ئاشتی و خوشک_برایەتیی گەلان، ڕێبەر ئاپۆ، بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. دەبێت هەڵوەستە بکرێت بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە. ئەگەر وا نەبێت، قبووڵ ناکرێت. ئەمە تەنها وتەی فەرماندە و بەڕێوەبەران نییە. وتەی هاوبەشی هەموو شەڕڤان و گەریلاکانە. یاسا بۆ گەریلا دەربکرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵبگرێت و بە ئازادیی بگەڕێتەوە ماڵەوە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بە زیندانیکراوی بمێنێتەوە! ئەمە قبووڵ ناکرێت!

بابەتێکی تر، مەسەلەی متمانەیە. ئافراندنی متمانەیە. دەبێت ئەم پێویستییە ببینرێت. ئێستە لە پەرلەمان کۆمیسیۆن پێکهێنراوە، بێگومان ئەمە هەنگاوێکی گرنگە. دەبێت دەوڵەتی تورک ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرن. ئەگەر لەم سەردەمە مێژووییەدا، لەم ڕووەوە هەنگاوبنرێت، پرسی سەد ساڵەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەوا لەنێوان گەلانی کورد و تورکدا، خوشک_برایەتییەکی ڕاستەقینە دێتەئاراوە. بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسەکە و ئاشتییەکی درێژخایەن، دەبێت هەڵوێستی قایلکەر نیشان بدرێت. ئێمە بەشێوەیەکی ستراتیژیی نزیکی ئەم خاڵە دەبینەوە. هیچ ڕێبازێکی تاکتیکی و فێڵبازانە لای ئێمە نییە. باوەڕمان بە ڕێبەر ئاپۆیە، بەشێوەیەکی جددیی و ستراتیژی لە پرۆسەکە نزیک دەبینەوە. هەڵبەتە ڕێوشوێنی خۆشمان دەگرینەبەر، بەڵام هەڵوێست و نزیکایەتییمان بەم جۆرەیە. ئەگەر بەرانبەرەکانیشمان وەها نزیک ببنەوە و متمانە ببەخشن، یاسای باوەڕپێکراو ئامادە بکەن، ئێمەش بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین. بۆ بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتیک لە تورکیا، ئێمە هەموو ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین. بەشداردەبین لە کۆماری دیموکراتیک.

هەڤاڵانی هێژا و گەلە شکۆمەندەکەمان!

ئێمە بە ڕۆحی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێشوازیی لە ٤١هەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ـی ئاب دەکەین. ئەمە هەڵمەتێکە. هەڵمەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. بەم ڕۆحییەتەوە، پێشوازیی لە ١٥ـی ئاب دەکەین. بێگومان ئەمە ئەنجامێکە و سەرەتایەکی نوێیە. لەسەر بناغەی ١٥ـی ئاب دەست بە قۆناغی نوێ دەکەین. بڕوامان وایە، بەم هەنگاوەی ڕێبەر ئاپۆ، لە کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان، پێشکەوتنی گرنگ ڕوودەدەن. لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا، تێکۆشانی نەتەوەی دیموکراتیک و سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە هەموو جێگەیەک مەزنتر  و بەهێزتر دەبێت. ڕێگە بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و کۆمارێکی دیموکراتیک دەکرێتەوە.

هاوکات ئەمە زەمینەی مەزنکردنی یەکێتیی نەتەوەیی و دۆزی ئازادییە لە کوردستان. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد بۆ یەکێتیی نەتەوەیی. ئێمە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دووبارە دەکەینەوە. لە قۆناغە مێژووییەدا، دەبێت یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بئافرێنین. دەبێت ئەم سەردەمە، بە یەکێتیی دیموکراتیک و نەتەوەیی تاجدار بکەین. ئەمە چاوەڕوانی و هیوای گەلەکەمانە. هاوکات لەسەر بناغەی دیدگای نەتەوەی دیموکراتیک، لەگەڵ گەلانی دراوسێدا ئاشتی و خوشک_برایەتیی ڕاستەقینە دەئافرێنین.

١٥ـی ئاب، ئەنجامی وەها گرنگی ئافراند. لەسەر ئەم بناغەیە، لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک، دەبێت ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیکی نوێ سەربخەین. بۆ ئەمەش ڕۆحی ١٥ـی ئاب پێویستە. ڕۆحی ١٥ـی ئاب، ڕۆحی سەرکەوتن و فیداکارییە. لەم کاتەدا، پێویستمان بەم ڕۆحەیە. دەبێت گەلەکەمان، هەموو وڵاتپارێزان بەم جۆرە ئەم قۆناغە بخوێننەوە و بەشداری تێدا بکەن.

دیسانەوە لەسەر ئەم بناغەیە جەژنی ژیانەوە لە هەمووان پیرۆز دەکەین، هیوای سەرکەوتن بۆ تێکۆشانی ئەم قۆناغە دەخوازین، سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشکەش دەکەین.

بژی، بژی ڕۆحی ١٥ـی ئاب

بژی، بژی سەرۆک ئاپۆ!

بە گیان بە خوێن، لەگەڵتین ئەی سەرۆک!

بێ سەرۆک ژیان نابێ!

شەهید نامرن!

ژن، ژیان، ئازادی!".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار