سەنتەرى میترۆ: دەبوو شێروان لە ناو ماڵ و مناڵی بێت نەك زیندان

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سلێمانی، 19ی ئابی 2025: سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت لەسەرەتای دادگایی كردنی شێروان شێروانی و هاورێكانی مەرجەكانی دادگایی دادپەروەرانە پەیڕەو نەكراوە و بەدەر نەبووە لە دەستتێوەردانی سیاسی، ئامانج لەو پرۆسەیە دامركاندنەوە و كپكردنی دەنگە ناڕازییەكانە. داوا دەكەین لە دادگای پێداچوونەوە بڕیارەكە هەڵبووەشێندرێتەوە.
ئەمڕۆ لە دادگای كەسنەزان، شێروان شێروانی، چالاكوانی حوكمدراو لە هەولێر، بە چوار ساڵ و شەش مانگی دیكە سزا درا.
محەممەد عەبدوڵا، یەكێك لە پارێزەرەكانی شێروان شێروانی سەبارەت بە بڕیارەكە رایگەیاند، دانیشتنی دادگای بنەسڵاوە لە كەسنەزان لەسەر سێیەم دۆسیە دژی شێروان بەڕێوە چوو، لەسەر سكاڵای كەسێك بە مادەی 229 لە یاسای سزادان حوكمدرا، گووتی، "بەبێ بەڵگەی یەكلاكەرەوە دادگا سزای چوار ساڵ و شەش مانگیدا، بەڵام دۆسیەكە یاسایی نییە و لە دەرەوەی دادگا دەستوەردانی لێ كراوە".
پێشتر، لە 16ی شوباتی 2021، دادگای هەولێر بڕیاریدا شێروان شێروانی و 4 هاوڕێی دیكەی، بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (21) بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا بدرێن.
لە 20ی تەمووز 2023، سەرلەنوێ دادگای كەتنی هەولێر، (شێروان شێروانی) ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانی بە مادەی 298 و 295 سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ دەركرد و بەسەریدا سەپاند.
بە پێی دەركردنی لێبوردن بۆ شێروان شێروانی هاوڕێكانی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، دەبوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام دۆسییەی تازەی بۆ كرایەوە.
See
