خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
نزیکەى کاتژمێرێکە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازی لەسلێمانی لەبەردەم بەرێوەبەرایەتى پەروەردەى ڕۆژئاوا کۆبوونەوەو دەستیان بەخۆپیشاندان کردو داوایانکرد بەزوویی کێشەکانى هەولێرو بەغدا بکرێت و دەستبەدابەشکردنى مووچە بکرێتەوە.
پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندان هێزێکی زۆر لە نزیک بینای بەرێوبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بڵاوەی پێکراوەو پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکانى سلێمانى ئۆتۆمبێلى ئاوپرژێنیان بردووەتە شوێنى خۆپیشاندانەکە.
پێشتر مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایاگەیاند، وەک دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، رۆژى چوارشەممە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین.
دەشڵێن، خۆپیشاندانەکەمان بۆ مووچە و جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدادە، پەیوەندیی بە داواکاریی هیچ لایەنێکەوە نییە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان وەك پیشەی هەمیشەییان نایانەوێت رێككەوتنەكان لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بكەن و نەوت و داهات بەپێی رێككەوتنەكە نادەنە بەغدا، هەتا موچەی فەرمانبەران و قوت و بژێوییان لە بەغداوە بێتە ناردن و خەڵك لەو دۆخە ناهەموارە رزگاری بێت."
دەستەكە ئاماژەی بەوەشدا "دەسەڵات 11 ساڵە لە ستەمكاری بەردەوامە و بەداخەوە كە دادگایەك نییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات."
جەختیشی كردەوە"چیتر وەك نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران ناتوانین ئەم دۆخە سەپێندراوە ناڕەوایە قبوڵ بكەین.
