وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هۆشدارى دەداتە عێراق

3 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت حکومەتى بەغداد هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە ئێزدی و مەسیحییەکان دەدات، داواش دەکات  پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە.

هەر لەڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە".

دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ:
 
لە پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.
 
بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.
 
ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە:
 
یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.
 
دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
 
دووەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان  و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار