هەڤاڵ ئەبوبەکر: شەڕو بەریەککەوتن؛ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات

3 كاتژمێر لەمەوپێش
پارێزگاری سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە.
لەبارەی گرژی و پێكدادانەكانی شاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی پێكدادانەکان دەکات.
دەقى پەیامەکە..
شەڕو بەریەککەوتن؛ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، تەنها کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و چارەسەرەکان؛ دوادەخات.
لە ڕابردوو ئێستادا، بەبەردەوامیی لە هەوڵدابووین بۆ ئەوەی دۆخەکان نەگەنە ئەم دۆخە ناهەموارو نەخوازراوە، هێزی لۆژیک و لێکتێگەیشتن و یاساسەروەریی بکرێنە بنەمای یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک، بەڵام بەداخێکی سەختەوە؛ پێشنیازو دیالۆگ و میکانیزمە ئاشتیخوازانەکان؛ کەمترین پشتیوانیی کران.
داوا لە هەموو لایەک دەکەین هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەم دۆخە نەخوازراوەو، بەهەر ڕوبەڕوبونەوەو بەریەککەوتنێک کە ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتیی دەخانە بەر مەترسییەوە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی

