پەرلەمانتارێکی جەهەپە پەیامێکی سەڵاحەدین دەمیرتاش بڵاودەکاتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانتارێکی کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد پەیامێکی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بڵاودەکاتەوە، کە جەخت لەسەر بایەخی کات دەکاتەوە و دەڵێت، "گەورەترین مەترسی، بەفیڕۆدانی کاتە."
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025 سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری کوردی جەهەپە لە بازنەی ئامەد سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلچوک مزراکلی، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەدی لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کرد.
دوای سەردانەکەی، تانریکوڵو پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەندروستیی دەمیرتاش و مزراکلی باشە، "سڵاو و خۆشەویستییان بۆ خۆشەویستان و دۆست و هاونیشتمانییانمان هەیە. لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن."
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی جەهەپە، دەمیرتاش و مزراکلی بەهۆی سنوورداریی پەیوەندییەکانیان لەنێو گرتووخانەکەدا، زانیاریی وردیان لەسەر پێشهاتەکان نییە، بەڵام پێیان وایە "گەورەترین مەترسی بەفیڕۆدانی کاتە."
تانریکوڵو گوتیشی، "پێیان راگەیاندین کە پێویستە ئەم کاتە زۆر بە باشی سوودی لێ وەربگیرێت و دەبێت هەرچی زووە کاروبارە یاساییەکان و هەنگاوە پێویستەکانی دیکە بنرێن."
جگە لە پێویستی هەموارکردنەوەی یاساکان، تانریکوڵو پێیوایە، کێشەی پەیوەست بە جێبەجێکردنی یاساش هەیە، "پێویستە ئەمانەش چارەسەر بکرێن، بۆئەوەی متمانەی کۆمەڵگە بە پرۆسەکە بەهێز بێت. کردەوە نادیموکراسییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام زیاد دەکەن. ئەوانیش جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە یەکێکە لە مەترسییە هەرە گەورەکانی بەردەم پرۆسەکە."
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی جەهەپە جەختی لە پشتگیریی دەمیرتاش و مزراکلی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "ئەوەیان دووپاتکردەوە، لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ ئاشتیدان و پشتگیری لە دەستبەرداربوون لە چەک دەکەن."
سەڵاحەدین دەمیرتاش زیاتر لە 9 ساڵە و سەلچوک مزراکلیش زیاتر لە 6 ساڵە لە زینداندان.

