شاندێکى باڵاى هەرێم بۆ پرسى موچە دەچێتە بەغدا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى زانیارى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار، شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەدا سەردانى بەغداد دەکات، بۆ یەکلاکردنەوەى پرسى داهاتى نانەوتی و هەناردەکردنەوەى نەوت.
چوارشەممەى ڕابردوو، شاندێکى هەرێم و شاندێکی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کۆبوونەوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، بەڵام جارێکی دیکە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بە دەستی بەتاڵ و بەبێ هیچ رێککەوتنێک گەڕایەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ڕاگەیاند: شاندى هەرێم سەرەتاى ئەم هەفتەیە جارێکى دیکە دەچنەوە بەغداد کە ئەمجارە چاوەڕوان دەکرێت ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و ئابوورى و کەمال محەمەد وەزیرى سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت لە شاندەکەدا بن، تاوەکو بڕیار لەسەر داهاتى نانەوتیی و هەناردەکردنەوەى نەوت بدرێت".
راشیگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتی بۆ مانگى حوزەیران ئامادە کردووە و هەر کات بڕیاردرا، دەخرێتە سەر هەژمارى دارایی وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى .
باسى لەوەشکرد، کۆبوونەوەى شاندى هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ ئەوەیە پرسى داهاتى نانەوتی تێدا یەکلایبکرێتەوە، تاوەکو گرفتەکانى بەردەم خەرجکردنى مووچە کۆتایی پێبهێندرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەکۆبوونەوەى رۆژى سێشەممە 19ـى ئاب، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى دابینکردنى مووچەى مانگى حوزیرانیدا بەو مەرجەى هەولێر نەوت رادەست بکات و داهاتى نانەوتی لەکاتى خۆیدا رەوانە بکات.

