کۆمپانیایەکى دیکە بەرهەمهێنانی نەوتى لە هەرێم دەستی پێکردەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی موگار لە شێخان دەستپێکردەوە، پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بەرهەمهێنانی لەو کێڵگەیە ئاسایی ببێتەوە، ئەو کێڵگەیە لەلایەن کۆمپانیای هانت ئۆیڵی ئەمەریکیەوە سەرپەرشتى دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە (23ـی ئابی 2025) وتەبێژی کۆمپانیای هانت ئۆیڵی ئەمەریکی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر رایگەیاند: کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی شێخان لە سنوری پارێزگای دهۆک دەستپێکردوەتەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە مانگێک لە راگرتنی کارەکانیان بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
وتەبێژی کۆمپانیاکە رایگەیاند: پیشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی شێخان ئاسایی بێتەوە.
گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیایە بۆ کارکردن، دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە لە ناویاندا دی ئێن ئۆی نەرویجی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
مانگی تەمموزی رابردوو، زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای زیانی ماددی زۆرینەی کۆمپانیا بیانییەکان کارکردنیان لە کێڵگە نەوتییەکان راگرت و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆینەی ئەو کێڵگانە وەستا.
رۆژی (17ـی تەمموزی 2025) لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی موگارا لە سنوری قەزای شێخانی پارێگای دهۆک کە لەلایەن کۆمپانیای هانت ئۆیلەوە بەڕێوەدەبرا و بەهۆیەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە راگیرا.
پێنجشەممەى ڕابردوو کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی راپۆرتی چارەکی دووەمی خۆی بڵاوکردەوە، کە بەراورد بە چارەکی یەکەم بەرهەمهێنانی نەوت کەمبووەتەوە. کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، سەرەتای ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ دەستپێکردووەتەوە و دواتریش پێشاپوور، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو کێڵگەکە بە درۆن کرایە ئامانج.
قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەپێی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، لە هەر دوو کێڵگەدا بە تێکڕا گەیشتووەتە 74 هەزار و 760 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2025ـدا ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە تاوکێ و پێشابوور 82 هەزار و 81 بەرمیل بووە.

