عەلی حەمەساڵح: چۆڵکردنی ساحەو بێدەنگبوون بژاردەی دروست نیە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ڕایدەگەیەنێت ئێوە کە نیشتیمانی و هەستی نیشتیمانی و دامەزراوەی نیشتیمانیتان دۆڕاندبێ؛ هەرچی هێزو پارەو کورسی و دادگاتان هەبێت براوەنین.
لەپەیامێکدا کە لەسەر تۆڕە گۆمەڵایەتى فەیسبوکى خۆى بڵاویکردوەتەوە، عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئەوە دەخاتەڕوو دەزانم کەی کێتان بوێت دەتوانن دەستگیریبکەن، دەتوانن دەیان تۆمەت بدەنە پاڵمان، بەڵام دەبێت لەم قۆناغەش بڕیاری بەردەوامی بدەین، چۆڵکردنی ئەم ساحەو بێدەنگبوون لە بەرامبەر نادادی هەرگیز بژاردەی دروست نیە..
دەقى پەیامەکەى..
سی و چوار ساڵە، پێیانوایە ؛ نابێت سوپایەکی نیشتیمانی هەبێت، نابێت دادگا بۆ هەموان بێت! دەبێت هەواڵگری تایبەت بەخۆیان هەبێت، هەموو یاسا شکێنیەک بۆ خۆیان ڕەوا بێت. هیچ کەسێکیان لە کاتی دەسەڵات هەرچی بکەن؛ نادرێتە دادگا!
کام بەرپرسی گەندەڵ و ناداد و کوردکوژو بەدڕەفتار درایە دادگا!
دەتوانن بە ویستی خۆتان قاچاخی بکەن، زەوی ببەن و سەرانە وەربگرن! نەوت ببەن و قۆرخکاری بکەن؛ بیکەنە دەستکەوتی نیشتیمانی!
هەردولاتان هێزی زۆرتان هەیە؛ دەتوانن هەموو کەس سەرکوت بکەن ! دەتوانن خەڵک شار بەدەرو وڵات بەدر بکەن و بیدەنە دادگا و بەویستی خۆتان سزای بدەن.
ئێستا ملیارەها دۆلارتان هەیە بەسەر میللەتێکی بێموچەوە.. چیتان دەوێت دەیکەن! ملیارەها دۆلار دەبەنە دەرەوە..
میدیای گەورەتان هەیە؛ تەنیا ئەرکیان پیشاندانی وێنەیەکی ساختەی ئێوەیە..
دەزانن لەو پاشایە دەچن، جل و بەرگی لەبەرنەبوو؛ دوروبەرەکەی هەمیشە باسی جوانی جل و بەرگیان دەکرد..
هەموو دامەزراوەکانی حوکمڕانی و دەوڵەتداریتان کوشت! کەچی میدیاکانتان باسی جوامێری ئێوە لە دەوڵەتداریتان دەکات!
دڵخۆش مەبن..
لە مێژوو بڕوانن ئەوانەی وەک ئێوەبوون، چۆن ناویان ڕۆشتە مێژوو، چۆن ئەو هێزەی خەڵکی بۆ سەرکوتکردن بوە دوژمنی!
سیاسی ژیر بۆ ئەوەی پارێزراوبێت دادگای نیشتیمانی و سوپای نیشتیمانی دروستدەکات..
لە ڕوخانی شای ئێران، کاتێک دەورو بەری شا دەستگیرکران، نیگەران بوون؛ وتیان: شوێنی زیندانمان زۆر خراپە، یاساکان نادادپەروەرن! دادوەری”شۆڕش’ زیندانەکان ئێوە دروستتان کرد بۆ ئێمەو یاساکانیش هەمان یاسان کە بۆ دەستگیکردنی ئێمە دەرتانکرد..
ئێوەیەک نیشتیمان و دامەزراوەکانی؛ سوپاو هێزی ئەمنی و هەوالگری و نەوت و زەوی و پاڵاوگەو خاڵی سنوری …… هتد بەهی خۆتان دەزانن نەک نیشتیمان؛ کەواتە دۆڕاوی گەورە ئێوەن کە نیشتیمان بەتاڵ دەکەن لە دەستکەوتەکانی..
وەک کەس و هێزگەلێک ناوتان دەچێتە مێژوو؛ ڕۆڵی گەورەیان بینی لە دواکەوتنی تاکی کوردو کوشتنی هەستی نیشتیمانی و دزینی سامانی نیشتیمانی..
ئێوە کە نیشتیمانی و هەستی نیشتیمانی و دامەزراوەی نیشتیمانیتان دۆڕاندبێ؛ دەیان ساڵ ئەم میللەتەتان لە ئامانجی مێژووی خۆی دورخستبێتەوە؛ هەرچی هێزو پارەو کورسی و دادگا….. هتد تان هەبێت براوەنین.
لە دەسەڵاتدار تاوانبارترن ئەوانەن کە دوایان کەوتون… سەرقاڵی کوشتنی نیشتیمان و شەقهەڵدانن لە دامەزراوەی نیشتیمانی و شانازی بەم وێرانکاریە دەکەن؛ لە ژێرناوی دادگاو سەروەری یاسا سەرقاڵی یاساشکێنین! بە میلیشیا؛ سوپای نیشتیمانی دەکوژن.
دەزانم ململانێ و بەردەوامی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە سایەی ئەم فۆڕمە لە حوکمڕانی ئێجگار قورسە؛ دەزانم کەی کێتان بوێت دەتوانن دەستگیریبکەن، دەتوانن دەیان تۆمەت بدەنە پاڵمان، بەڵام دەبێت لەم قۆناغەش بڕیاری بەردەوامی بدەین، چۆڵکردنی ئەم ساحەو بێدەنگبوون لە بەرامبەر نادادی هەرگیز بژاردەی دروست نیە..
عەلی حەمە ساڵح

