حکومەتى دیمەشق هەڵبژاردن لە ڕەققە و حەسەکە و سویدا دوادەخات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلى حکومەتى سوریا بڕیاریدا پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی سویدا، حەسەکە و ڕەقە دوابخرێت، بەهۆی ئەو ئاستەنگە ئەمنییانەی کە ڕووبەڕووی ئەو پارێزگایانە دەبنەوە.

نەوار نەجمە، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی سوریا ڕایگەیاند: "بەهۆی بارودۆخى ئەمنی هەڵبژاردنەکان لەو سی ناوچەیە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، بەڵام کورسییەکانی ئەو پارێزگایانە پارێزراو دەبن".

نەوار نەجمە ئەوەشى ڕاگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە سێ پارێزگا بۆ ماوەیەکی نادیار دواخراوە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، ئەوەشى خستەڕوو بڕیاری دواخستنەکە لە خواستی لیژنەکە سەرچاوەی گرتووە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی دادپەروەرانە لە ئەنجوومەنی گەل بۆ هەر سێ پارێزگاکە، جەختیشی کردەوە کە کورسییە تەرخانکراوەکان بە تەرخانکراو دەمێننەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا پێشتر فەرمانی ژمارە (١٤٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ی دەرکردبوو، کە سیستەمی هەڵبژاردنی کاتی بۆ ئەنجومەنی گەلی سوریا پەسەند کرد.

بڕیارە لە نێوان 15-20ی ئەیلوولی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بەڕێوە بچێت.

ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا مەرسومێكی دەكردووەو بەپێ ئەو مەرسومە (سیستەمی هەڵبژاردنی كاتیی ئەنجومەنی گەل)ی پەسەندكردووە.

سیستەمەكە قەدەغەی كردووە (پارێزگار، سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو) خۆیان بۆ پەرلەمانی نوێ كاندید بكەن، هاوكات قەدەغەی كردووە "ئەوانەی بانگەشە بۆ دابەشبوونی سوریاو جیابوونەوە" دەكەن خۆیان كاندید بكەن، رەنگە لەمەدا بە پلەی یەكەم كورد بە ئامانج گیرا بێت، ئەوانەشی كە پشتیوانییان لە رژێمی پێشووی ئەسەد كردووە بە هەمان شێوە كاندیدبوونیان قەدەغەكراوە. 

بەگوێرەی سیستەمە پەسەندكراوەكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە (210) كەس پێكدێت، دوو لەسەر سێی ئەم كەسانە بەگوێرەی حوكمەكانی مەرسومەكەی ئەحمەد شەرع هەڵدەبژێردرێن و كورسییەكان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار