لەسەر داهاتى نانەوتى شاندى هەرێم و بەغدا کۆدەبنەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش



شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ دیوانی چاودێری و وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی عێراق دەستپێدەکات، بە ئامانجی رێککەوتن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان.

هەولێر و بەغداد بۆچوونیان جیاوازە لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە، هەریەکەیان بە جیا لێکدانەوەى بۆ دەکەن. لە دوێنێ شەوەوە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی رۆیشتووە بۆ بەغداد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچوونى وایە، بەگوێرەی دەستووری عێراق و یاسای بودجە، 100%ـی کۆی داهاتی رسوماتی وەزارەتەکان هی خۆیەتی و دەڵێت، رادەستی ناکەین، بەڵام ئامادەیی دەربڕیوە 50%ـی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت بنێرێت و 100%ـی کۆی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەکانیش رادەستبکات.

بەڵام عێراق دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت، دەبێت %50ـی کۆی داهاتی رسوماتی وەزارەتەکان بنێرن و 100%ـی کۆی داهاتی گومرگ و باجیش بنێرن.

کۆی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 دا بریتیبووە لە؛ 3 تریلیۆن و 559 ملیار و 168 ملیۆن دینار، واتە بە تێکڕای مانگانە، داهاتی ناوخۆی خەرجکراو بریتیبووە لە 296 ملیار و 597 ملیۆن و 413 هەزار دینار، مانگانەش بڕی 160 ملیار دینار بۆ خەرجیی بەڕێوەبردنی وەزارەت و دامودەزگا و فەرمانگەکانە.

ئێستا گرێکوێرەی هەردوو حکومەت لە پاش دۆسییەی نەوت لەسەر جیاوازیی بڕی داهاتی ناوخۆیە کە رادەستبکرێت و بەگوێرەی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا رێککەوتن تەنیا لەسەر 50%ـی داهاتی گومرگ کراوە و مەرج و داواکاری و داهاتەکانی دیکە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا یەکلایی نەبووەتەوە.

سەبارەت بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە بەغداد، لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 دا، بڕی 51 ملیار و 895 ملیۆن دینار، لە مانگی شوباتدا 48 ملیار و 722 ملیۆن دینار و لە مانگی ئازاردا 48 ملیار و 205 ملیۆن دینار و لە مانگی نیسانیشدا 50 ملیار و 522 ملیۆن دینار و بۆ مانگی ئایاریش 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد نێردراوە.

لەبارەی سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، سەرچاوەیەک رایگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ دیوانی چاودێری و وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی عێراق دەستپێدەکات، بە ئامانجی رێککەوتن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، مەبەست لە سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان، ئامادەکردنی راپۆرتێکی هاوبەشە، بۆ دروستکردنی لێکتێگەشتن لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار