ئیدارەى خۆسەر هۆشدارى توند دەداتە ئەحمەد شەرع

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بەهۆى دواخستنى هەڵبژاردن لەسێ پارێزگاو بەتایبەتى ناوچەکوردیەکانى ڕۆژئاواى کوردستان، ئیدارەى خۆسەر هۆشدارى توند دەداتە ئەحمەد شەرع و حکومەتە کاتیەکەى و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دان بەو هەڵبژاردنانەدا نەنێت کە لەداهاتوودا دەکرێت.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دوێنێ شەممە رایگەیاند، بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە.
لەڕاگەیەندراوێکیاندا ئەمڕۆ یەکشەمە بڵاویانکردەوە، ئیدارەى خۆسەر دواخستنى هەڵبژاردن لە سێ پارێزگاى رۆژئاواى کوردستان و سوریا رەتدەکاتەوە و داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات دان بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى سوریادا نەنێن.
ئیدارەى خۆسەر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە رووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا، کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی و پێکهێنانی حکومەتی کاتی و راگەیاندنی دەستوور و هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سوریا، هەموویان هەنگاوێک بوون کە پێچەوانەی ئامانجەکانی شۆڕشی سوریان.
دەشڵێت، سوورییەکان قوربانییان داوە بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونی ڕاستەقینە، لە پێش هەموویان مافی خۆکاندیدکردن و دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەدا. "بەڵام دەبینین مێژوو دووبارە دەبێتەوە و جارێکی دیکە ئەم مافە لە هەموو سوورییەکان بێبەش دەکرێت، چونکە ئەم هەڵبژاردنانە نادیموکراسین و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی سوریا ناکەن".
ئیدارەى خۆسەر جەختدەکاتەوە، بەڕێوەچوونی بەناو هەڵبژاردن لەم کاتەدا هەوڵێکە بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی نزیکەی نیوەی خەڵکی سوریا لەم پرۆسەیە، جا چ لە ڕێگەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ یان لە ڕێگەی سیاسەتی سیستماتیکەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەشداری پێکهاتەکان و هێزە چالاکەکان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا.
"ئەم وەدەرنانە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە کە بەناو هەڵبژاردنەکان تەنیا هەنگاوێکی فەرمییە کە مەرجەکانی چارەسەری سیاسی هەمەلایەنە کە سوورییەکان پێویستیان پێیەتی، بەدی ناهێنێت. پێناسەکردنی ناوچەکانمان بە ئارام بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە زیاتر لە پێنج ملیۆن سوری، بەو پێیەی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی سوریا سەلامەتترین ناوچەن".

