سەنتەرى میترۆ: چارەنووسی كەناڵی ZOOM نادیارە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەنتەری میترۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەناڵی زووم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكاتەوە، داوا لە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵ بكەن و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكەنەوە.
پاش دەستبەسەركردنی كەناڵی زووم لە لایەن هێزێكی چەكدار، چارەنووسی كەناڵی زووم و كارمەندانی لەبەردەم چەند ئەگەرێكە كە بەهێزترینیان دووبارەكردنەوەی ئەو ماماڵەیەیە كە لەساڵی 2021 لەگەڵ كەناڵی iPLUS پەیڕەو كرا.
پاش رووبەرووبوونەوە خوێناوییەكەی بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025ی شاری سلێمانی و كۆنترۆڵكردنی ئۆفیسی سەرەكی بەرەی گەل و ماڵی لاهوری شێخ جەنگی، هێزێكی ئەمنی هەڵیانكوتایە سەر ئۆفیسی كەناڵی زووم، بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی پەخش و كۆمەڵێك لە ئامێری تریان زەوتكرد و گواستیانەوە. بە تەواوەتی جۆر و ژمارەیان نازانرێت، ئەو هێزە جارێ لەناو ئۆفیسەكەدان كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە ستی.
بەرلەوەی هێزەكە ئۆفیسەكە كۆنترۆڵ بكەن پەیامیان بۆ ناردوون، كە هێزی چەكدار دێنە سەر كەناڵەكە، پێش گەشتنی هێزە چەكدارەكە كارمەندانی زووم لە دەرەوەی بیناكە بوون.
هێمن مەحمود بەرێوەبەری كەناڵی زووم بە میترۆی گووت "داوادەكەین هێزە ئەمنییەكە كەناڵەكە چۆڵ بكەن و كەرەستەكانی بگەڕێننەوە".
كەناڵی زووم لە شوباتی 2022، مۆڵەتی لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق و حكومەتی هەرێم وەرگرتووە. لە 29ی ئابی هەمان ساڵ لە سۆشیال میدیا خۆیان ناساند، لە 25ی حوزەیرانی 2024 پەخشی كەناڵەكەیان دەستی پێكرد، پەخشی كەناڵەكە لەهەریەك لە نووسینگەكانی بەغداد و هەولێر و سلێمانی پێكەوە دەكرێت، 200 كارمەندیان هەیە. تاوەكو كاتژمێر 10ی بەیانی 22ی ئاب بەردەوام بوو لە پەخش.
پێشتر كەناڵی iPLUS لاهووری شێخ جەنگی پشتیوانی دارایی دەكرد، ئێوارەی 13ی تەمووزی 2021 هێزێكی ئەمنی هەڵیكوتایە سەری، بینای كەناڵ و كەرەستەكانی زەوتكرد.
پاش یەك رۆژ كەناڵی iPLUS خرایە سەر مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی و بینای كەناڵەكەش لۆگۆی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستانی پێداهەڵواسرا.
لە 18ی كانوونی دووەمی 2024، لەناو بینای كەناڵی iPLUS و بە پشتبەستن بە بەشێكی زۆری كەرەستە و كارمەندانی، بەدرووشمی "ئێوە شایەنی راستین"، پەخشی كەناڵێكی نوێ (كەناڵ8) دەستیپێكرد.
سەنتەری میترۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەناڵی زووم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكاتەوە، داوا لە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵبكەن و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكەنەوە.
لەبارەی سەنتەری میترۆوە:
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگ و ئاشتی IWPR ی ئەمریكی دامەزاروە، لەو كاتەوە 14 راپۆرتی ساڵانەی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاوكردۆتەوە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، Gulf Center for Human Rights، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، Intenews، رێكخراوی IRI، لە رێگەی پرۆژەوە پاڵپشتی كردووە.

