پارتی: پێویستە هێرشی میدیایی ڕابگیرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



مەکتەبی سیاسيی پارتی لەبارەی رووداوەکانی لالەزار: داوامان لە هەموولایەک ئەوەیە دانبەخۆیاندا بگرن و پارێزگاری لە سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی بەرەبەیانیی 22یـی ئاب، لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.دەڵێت:  جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە.

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە "ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکە" دەربڕیوە کە بووەتە هۆی "نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان".

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسيی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە:

ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بونە هۆی نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە.

پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەري خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین.

لە نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەکەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتیانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت.   

هاوكات، سه‌ره‌خۆشى له‌ خانەوادە و كه‌سوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخه‌میانین، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌یش بۆ برينداران ده‌خوازين.

مەکتەبی سیاسيی 
پارتی دیموکراتی کوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار