سبەی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق قسە لەسەر ناردنی موچە دەکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە سبەی سێشەممە، کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو بڕیارى کۆتایش لەبارەى ناردنى مووچەوە بدرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق ئەوەدەخاتەڕوو پرسی نەوت و خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە دانیشتنەکەی سبەینێدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم دوو پرسە بکرێت و هەوڵبدرێت بڕیاری پێویست لەسەریان بدرێت
لەلایەکى دیکەوە سەرچاوەیەکی باڵا ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیاند، دوو بڕگەی نوێ وەک پاشکۆ خراونەتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی سەرچاوەکە، هەردوو بڕگەکە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە، یەکێکیان تایبەتە بە خستنەڕووی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بۆ ئەو مەبەستەش، راپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان پێشکێش دەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.
تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 6ـی ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگ 8 دەستیپێکردووە.

