تەیف سامی داوا لەسودانى دەکات خۆى کێشەى مووچە چارەسەربکات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى ناوەڕۆکى ڕاپۆرتێکى تەیف سامی کە پێکهاتووە لە 75 لاپەڕە لەبارەی کۆبوونەوە و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەلایەن وەزیرى داراییەوە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و تیایدا داوا لە سودانى دەکرێت خۆى دوابڕیار لەبارەى پرسى موچەو کێشەکانەوە بدات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو بڕیارى کۆتایش لەبارەى ناردنى مووچەوە بدرێت.

سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراق ئەوەدەخاتەڕوو پرسی نەوت و خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە.

لەو راپۆرتەدا گە تەیف سامى وەزیری دارایی نووسیویەتی: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی، تەکەزیان کردەوە لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنەکانی پێشوو، بەڵام ناکۆکییەکی بنەڕەتی لەبارەی لێکدانەوەی یاسایی دەستەواژەی "گەنجینەی گشتی" سەریهەڵداوە." تەیف سامی دەڵێت، ئەمەش وایکرد هەردوولا رێکبکەون لەسەر بەرزکردنەوەی دۆسیەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەمەبەستی دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.
 
راپۆرتەکە باسی کۆبونەوەکان دەکات کە لەنێوان هەردولادا ئەنجامدراون، هەروەها واژۆی ئامادەبووانی کۆبونەوەکانی لەسەرە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە میانی دوایین کۆبوونەوەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ دۆسیەی یاسایی پێشکەش کرد کە بڕیار و رێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتبوو. شاندەکە جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە رێککەوتنی پێشوو، بەڵام ئاماژەیان بە لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان کرد بۆ چەمکی "گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان" و جیاوازییەکەی لەگەڵ "گەنجینەی گشتیی فیدراڵی".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی میکانیزمی تایبەتی خۆی بۆ پۆلێنکردن و دابەشکردنی داهاتەکان خستووەتەڕوو، کە لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 ئامادە کرابوو. خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لە چۆنیەتی لێکدانەوە و مامەڵەکردنی یاسایی بوو لەگەڵ ئەو داهاتانەی کە لە باج و رسومات و گومرگەوە لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوەکاندا و بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بەربەست، هەردوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گونجاوترین هەنگاو بریتییە لە خستنەڕووی تەواوی بابەتەکە بە وردەکارییەکانیەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی. بڕیارە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و گونجاو لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی داهاتە نانەوتییەکانەوە بدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار