نەتەوە یەکگرتووەکان: مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوانی لالهزار كراوه

5 كاتژمێر لەمەوپێش
یۆنامی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە دەربڕی کە تێیدا "مامەڵەی خراپ" لەگەڵ دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی کراوە. هاوکات داوای ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان دەکات.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هۆتێل 'لالەزار' و بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی ژمارەیەک دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، یۆنامی ئاماژەی بەوەداوە "ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە میدیاکان بڵاوبوونەتەوە و نیشاندەری ڕووداوەکانی لالەزارن، دەریدەخەن کە مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوان کراوە و ئەمەش مایەی نیگەرانییە."
یۆنامی هەروەها جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی زامنکردنی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ هەموو دەستگیرکراوانی ڕووداوەکە.
ئەم کاردانەوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت کە شەوی 21 لەسەر 22ی ئاب، هێزێکی ئەمنیی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی.
دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکدادان، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی 'بەرەی گەل'، لەگەڵ خوشک و برایەک و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی دەستگیرکران.
دوابەدوای ڕووداوەکە، چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە تێیاندا دەردەکەوێت بەشێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکە سووکایەتی بە دەستگیرکراوەکان دەکەن، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی دەرکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
ڕووداوەکەی لالەزار بووە هۆی کوژرانی چەندان کەس لە هێزەکانی یەکێتی و پاسەوانەکانی لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەسیش بریندار بوون. هاوکات تا ئێستاش چارەنووسی چەندان کەس نادیارە.

