شاندەکەى ڕۆژئاوای کوردستان بۆچى هاتونەتە سلێمانی؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش
شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان کە پێکهاتوون لە هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حسۆ، ئەندامانی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلم و فۆزا یوسف گەیشتنە سلێمانی، بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی "هاوپەیمانی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بکەن کە لە ڕۆژانی ٢٧ بۆ ٣٠ ئاب بەڕێوەدەچێت.
شاندەکە لە لایەن بەرپرسانی سلێمانییەوە پێشوازییان لێ کرا و سەردانی مەزاری مام جەلالیان کرد، لە دەفتەریی یادەوەریی مەزارەکەدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بە پێشهاتە نوێکانی پەیوەست بە کورد لە ناوچەکە کرد و نووسی: "بەهۆی ئەو پیلانە سیاسییەوە کە لە دژی دەگێڕدرێت، ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێتانە، بەڵێتان پێدەدەین کە لەسەر ئەو ڕێچکەیە بڕۆین کە ئێوە و ڕێبەر ئاپۆ نەخشەتان بۆ کێشاوە، تاوەکوو ئازادی و سەقامگیریی بەرقەرار دەبێت بۆ گەلەکەمان لە ناوچەکەدا".
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکرات لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە لەسەر دەستی مام جەلال دروست بووە، زۆر گرنگ بوو بۆ ناوچەکە، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازم."
کۆنفرانسی "هاوپەیمانیی سۆشیال دیموکراتی وڵاتانی عەرەبی" بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە ٢٧بۆ٣٠ ئاب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، هاوشانی شاندەکەی ڕۆژئاوا شاندێک کە پێکدێن لە نوێنەرانی دەم پارتی، کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، نوێنەرانی وڵاتان، و پارت و ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان بەشداری تێدا دەکەن.
ئامانج لە کۆنفراسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانێتییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی کورد و عەرەب و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان پارتە سۆشیال دیموکراتەکانە.

