سەرچاوەیەکى یەکێتى:  12 کەس لە شەڕەکەی لالەزار کوژراون

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زانیاری لەبارەی ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دراوە".
 
ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی بە ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دەزگاکانی راگەیاندنى وت، 12 کەس لە شەڕەکەی لالەزار کوژراون کە 3 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بوون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، 160 کەسیش دەستگیرکراون. 
 
سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی باس لەوە دەکات، لە دوو مانگدا 4 جار هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دراوە.
 
یەکەم "هەوڵی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی" بە گوتەی ئەو سەرچاوە باڵایە، "لە رێگەی فەرماندەیی بووە، بەڵام ئەمریکی لەگەڵ بووە و هەربۆیە پیلانەکەیان جێبەجێ نەکردووە."
 
وەک سەرچاوەیە دەڵێت، یەکێکی دیکە لە هەوڵەکان "لە رێگەی نیشانەشكێن لە دووری 600 مەتر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە لە دەباشان بووە." هەروەها باس لەوە دەکات، "چەکدارەکە ئامادەکاری کردووە و تەنانەت جارێک هێمای دووربینی نیشانەشکێنەکەی خستووەتە سەر سنگی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە و تەقەی نەکردووە."
 
یەکێکە دیکە لە هەوڵی "تیرۆرکردنەکە" ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی: "لە چێشتخانەی ڤۆگ بووە لە سەرچنار، بەڵام سەری نەگرتووە."

"بەشێک لە هەوڵەکانی شکستیان هێناوە" ئەو سەرچاوەیە هۆکارەکەی باس کرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بە ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ هاتووچۆی کردووە."

"جارێکیش پیلانی تیرۆرکردنی قوباد تاڵەبانی دراوە، ئەوەش کاتێک لە نێو فڕۆکەدا بووە لە ئاسمانی سلێمانی." بە گوێرەی سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی.

سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی گوتی، پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بافڵ تاڵەبانی 3 جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی کردووە و گوتوویەتی: "وەرە دەرەوە خۆم دێم دەتبەم، بەڵام نەهاتووە و خۆی رادەستنەکردووە".

"پارتی دیموکراتی کوردستان لەو هەوڵ و پیلانگێڕییەدا نەبووە و بەشدار نەبووە." سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی وای گوت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار