پارتی: باسی دواخستنی موچەمان نەکردووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت دەکاتەوە، بەردەوام هانى هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیان داوە تا بگەنە ڕێککەوتنێکی تۆکمە سەبارەت دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێم.
چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، نووسینگەى ڕاگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕەتیکردەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتی، لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە دابینکردنى مووچە کردبێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "دوێنێ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، لە بەرنامەیەکى ڕادیۆى دەنگى بزووتنەوەى گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیاى فەرمى کەناڵى (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەنێونیشانى بەرپرسى ئۆفیسى دەزگاى ستاندارد لە سلێمانى، بەناوى زانیارى، چەند تۆمەتێکى بەخشیوەتەوە، کە گوایە هەڤاڵ (هۆشیار زێبارى) ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتیمان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کردووە سەبارەت بە دابینکردنى مووچە!".
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت دەکاتەوە "سەرلەبەرى ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەى تۆمەت بەخشینەوەیەکى بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێبارى و مەکتەبى سیاسى پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کردووەتەوە لە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدڕاڵى."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پارتی بەردەوام هانى هەردوو حکوومەتی داوە بۆ گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکى تۆکمە بۆ دابینکردنى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و ڕەخساندنى کەشێکى ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانى مووچەخۆر و هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان."
