هەسەدە ئامادەکاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکەى دیمشق

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە لە شاری ڕەقە لە سووریا، ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات کە دەنگۆیەک هەیە بە هاوبەشی هێزەکانی سووریا و تورکیا لە دژی هەسەدە ڕێک دەخرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە یەنی شەفەق بڵاویکردووەتەوە، هەسەدە ژمارەی تونێلەکانی زیاتر کردووە و ڕۆژانە تونێلەکانی فراوانتر دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیاندا بە زمانی هەڕەشەوە هۆشداری هێرشکردنە سەر هەسەدەیان داوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، هەسەدە لە شاری ڕەقە چینی ژێرەوەی پارک، یاریگاکان و نەخۆشخانەکانی هەمووی کردووە بە تونێل، ئەم ماوەیە هەر خەریکی تونێل هەڵکەندن.
دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بۆ هەسەدە نارد و وتی: "ئەگەر شمشێرەکە لە کاڵانەکەی دەربهێنرێت، ئیتر پێویست بە قەڵەم ناکات".
لەچەند هەفتەى ڕابردوودا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ یەکەمجار زۆر بە تووندی هۆشداری دایە هەسەدە و وتی: ئاگامان لێیە خەریکی چین، تا زووە لەم ڕێگەیە بگەڕێنەوە، ئەگینا ئەنجامەکەی بە دڵی ئێوە نابێت.
ماوەیەکە میدیاکانی تورکیا هەواڵی ئەوە بڵاودەکەنەوە، تورکیا و حکومەتی سووریا ئامادەکاری دەکەن بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی هەسەدە ڕێک بخەن، بەهۆی ئەوەی ئەوان "پابەندی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازار نەبوون کە دەبوو لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا تێکەڵ بکرێن".
